رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی نەمسا لەبەردەم هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسپانیا خۆی رانەگرت و بە سێ گۆڵ هەژێنرا. ماتادۆرەکان بەو ئاستە بەرزەی پێشکەشیان کرد، پێشانیاندا کە بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوی مۆندیال هاتوون و بەوپەڕی متمانەبەخۆبوونەوە گەیشتنە قۆناخی 16.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەر لە سەرەتای یارییەکەوە زاڵبوو بەسەر کەشی یارییەکەدا، بەڵام هیچ هەڕەشەیەکی جددی دروست نەکرد، جگە لە چەند لێدانێکی پەرشوبڵاوی لامين یامال و دانی ئۆڵمۆ.
یەکەم هەڕەشەی راستەقینە لە خولەکی 26 دەرکەوت، کاتێک مارک کۆکۆرێیا گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی هەبوونی بەرکەوتن لەگەڵ گۆڵپارێزی نەمسا رەتکرایەوە.
دواتر ئۆیارزابال گرێکوێرەکەی کردەوە و یەکەم گۆڵی بۆ ئیسپانیا تۆمارکرد، دوای ئەوەی تۆپێکی ئاراستەکراوی هاوڕێکەی کۆکۆرێیای وەرگرت و تۆڕی هەژاند.
یامال هەوڵیدایەوە گۆڵ بکات، بەڵام درەوشانەوەی شلاگەری گۆڵپارێزی نەمسا رێگر بوو، بەمەش گێمی یەکەم بە پێشکەوتنی ئیسپانیا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتایی هات.
لەگەڵ دەستپێکی گێمی دووەمدا، هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەردەوام بوو لەسەر گوشارەکانی و ئەم گوشارەش بووە هۆی تۆمارکردنی گۆڵی دووەم لەلایەن پێدرۆ پۆرۆوە بە لێدانێکی سەری نایاب.
پێش کۆتاییهاتنی کاتی یاسایی یارییەکە بە دوو خولەک، ئۆیارزابال گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد و سەرکەوتنی بۆ 'لارۆخا' مسۆگەر کرد.
بەم سەرکەوتنە، هەڵبژاردەی ئیسپانیا خۆی گەیاندە قۆناخی 16 و چاوەڕێی براوەی یاریی نێوان پۆرتوگال و کرواتیا دەکات، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەدەچێت.




