رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی پۆرتوگال دوای سەرکەوتنێکی دراماتیکی و پڕ لە ململانێ بەسەر هەڵبژاردەی کرواتیادا بە ئەنجامی (2-1)، گەیشتنی بە قۆناخی 16ی مۆندیالی 2026 مسۆگەرکرد.
یارییەکە کە لەسەر یاریگەی 'تۆرۆنتۆ' بەڕێوەچوو، یەکێک بوو لە سەرنجڕاکێشترین یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە و تێیدا ڤار (VAR) سێ گۆڵی رەتکردەوە و زیاتر لە 17 خولەکیش کاتی زیادکراو ئەژمارکرا.
ئەم رووبەڕووبوونەوەیە وەک لووتکەی مۆندیال ناوزەند کرا، چونکە هەردوو ئەفسانەی تۆپی پێ کریستیانو رۆناڵدۆ و لوکا مۆدریچ تێیدا بەشداربوون، کە هەریەکەیان ریکۆردی زیاتر لە 200 یاریی نێودەوڵەتییان هەیە. پێش دەستپێکردنی یارییەکەش باوەشێکی گەرم لەنێوان ئەو دوو هاوڕێیە کۆنەی ریال مەدرید سەرنجی میدیاکانی راکێشا.
لە گێمی یەکەمدا تۆڕی گۆڵەکان نەهەژان، بەڵام لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 53، ئیڤان پێرسیچ بە پاسێکی جۆزێپ ستانیشیتیچ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ کرواتیا تۆمارکرد.
دوای ئەوەی گۆڵێکی کریستیانو رۆناڵدۆ بەهۆی ئۆتسایدەوە رەتکرایەوە، پۆرتوگال گوشارەکانی زیادکرد و لە خولەکی 68دا ناوبژیوان دوای گەڕانەوە بۆ تەکنەلۆژیای ڤار، لێدانێکی سزای بۆ پۆرتوگال ئەژمارکرد، رۆناڵدۆ بە سەرکەوتوویی لێدانەکەی جێبەجێ کرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە. ئەمە سێیەم گۆڵی رۆناڵدۆ بوو لە مۆندیالی 2026 و یەکەم گۆڵی بوو لە قۆناخەکانی کرانە دەرەوە لە مێژووی شەش بەشداریکردنی لە مۆندیالەکاندا.
گۆنچاڵۆ رامۆس، کە دوای چەند خولەکێک لە هاتنە ناوەوەی، لە خولەکی 90+4دا بە لێدانێکی سەری جوان و بە ئەسیستی رافایێل لیاو، گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی پورتوگالی تۆمارکرد.
تەنانەت دوای گۆڵەکەش دراما بەردەوام بوو؛ لە خولەکی 13ی کاتی زیادکراودا، گڤاردیۆڵ گۆڵی یەکسانبوونی بۆ کرواتیا تۆمارکرد، بەڵام ڤار جارێکی دیکە دەستیوەردایە و گۆڵەکەی بەهۆی ئۆتسایدەوە هەڵوەشاندەوە، تاوەکو یارییەکە بە بردنەوەی پۆرتوگال کۆتایی بێت.
بەم سەرکەوتنە، پۆرتوگال لە قۆناخی 16دا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبێتەوە، لە یارییەکی لووتکەدا کە دووبارەبوونەوەی یاریی کۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپای 2025ە.




