رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی توانی نازناوی مۆندیالی 2026 بۆ ئیسپانیا بەدەستبهێنێت و وەک باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشان کرا، رۆدری، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی مانچێستەر سیتی، بووەتە ئامانجی سەرەکی یانەی ریال مەدرید، بەڵام داواکارییە داراییەکانی یانە ئینگلیزییەکە تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی 'لیکیپی'ـی فەرەنسی، دوای ئەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو یاریزانە گۆڕی، کارگێڕیی ریال مەدرید بڕیاریداوە بە رژدی بچێتە نێو گفتوگۆکان بۆ گواستنەوەی رۆدری. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە فلۆرێنتینۆ پێرێز، پێشتر گومانی لە گرێبەستەکە هەبوو، ئێستا بەتەواوی بیری گۆڕاوە کە وایدەنێت رۆدری ئەو یاریزانەیە دەتوانێت هاوسەنگی بۆ هێڵی ناوەڕاستی یانەکەی بگەڕێنێتەوە.
شوێنگرتنەوەی تۆنی کرووس راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شاهانەکان رۆدری وەک باشترین بژاردە دەبینن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی تۆنی کرووس دوای دوو ساڵ لە وازهێنانی لە پاش خۆی جێی هێشتووە. مێرێنگێ دەیەوێت یاریزانێک بکاتە داینەمۆی تیپەکە کە شارەزاییەکی بێوێنەی لە کۆنترۆڵکردنی ریتمی یارییەکاندا هەبێت.
تۆڕی 'سکای سپۆرتس' کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە مەدرید ئاشکرا کردووە، کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە یەکێک لە چێشتخانەکانی پایتەختی ئیسپانیا لە نێوان بەرپرسانی ریال مەدرید و بەڕێوەبەری کارەکانی رۆدری ئەنجامدراوە. ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی سەرەتایی، بەڵام گرێکوێرەکە لەلایەن سیتیزنەوەیە.
جیاوازییەکی گەورە لە نرخدا بەپێی زانیارییەکان، ریال مەدرید ئامادە نییە زیاتر لە 60 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە تەمەن 30 ساڵە خەرج بکات، بەڵام مانچێستەر سیتی داوای 100 ملیۆن یۆرۆ دەکات بۆ دەستبەرداربوون لە ئەستێرە درەوشاوەکەی مۆندیال.
ئەم گرێبەستە پشتگیرییەکی بێوێنەی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری نوێی ریال مەدریدی لەپشتە. مۆرینیۆ دەیەوێت ناوەڕاستێکی بەهێزی هەبێت کە بتوانێت لە یارییە گەورەکاندا کۆنترۆڵی یاریگا بکات. ئەگەر ئەم گرێبەستە سەر بگرێت، رۆدری دەبێتە پێنجەم واژۆی هاوینەی مەدرید دوای هەریەکە لە مارک کوکورێیا، دێنزڵ دومفریس، ئیبراهیما کۆناتی و بێرناردو سیلڤا.
پلانی گرێبەستەکە مەدرید دەیەوێت گرێبەستێک تاوەکو ساڵی 2030 پێشکەشی رۆدری بکات و ئێستا کار لەسەر رێککەوتن لەگەڵ خودی یاریزانەکە دەکات لەسەر مەرجە تایبەتییەکان، بۆ ئەوەی دواتر گوشار بخاتە سەر کارگێڕیی مانچێستەر سیتی بۆ کەمکردنەوەی نرخەکەی.




