رووداو دیجیتاڵ
وادیارە یاریی کۆتایی جامی جیهانی 2026 بە ئاسانی لەبیر ناکرێت، نەک تەنیا بەهۆی ئەو خۆشییە زۆرانەی ئیسپانیای گرتەوە دوای بەدەستهێنانی نازناوەکە، بەڵکو بەهۆی ئەو مشتومڕە فراوانە و سەدان تیۆری پیلانگێڕییەی لە ئەرجەنتین سەریان هەڵدا دوای گۆڵەکەی فێران تۆرێس کە یاریزانانی تانگۆی لە نازناوی مۆندیال بێبەش کرد.
لە کاژێرەکانی رابردوودا، زۆر لێکدانەوەی ئەرجەنتینی بڵاوکرانەوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ شکستەکەی ناو یاریگا، بە باسکردنی گوشارە دەرەکییەکان دەستیپێکرد، دواتر دەستوەردانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا FBI، و گەیشتە هەڕەشەی خەیاڵی بۆ سەر خێزانی یاریزانەکان.
لەبەرامبەر ئەم شەپۆلە لە پڕوپاگەندە، دەنگی عەقڵ هاتە پێش بۆ گەڕاندنەوەی شتەکان بۆ باری ئاسایی خۆیان. لیۆنێل سکالۆنی راهێنەر و رۆبێرتۆ ئایالای یاریدەدەری یەکەم کەس بوون رووبەڕووی ئەم شەپۆلە بوونەوە، کاتێک بە رۆحێکی وەرزشییەوە دانیان بە باڵادەستی ئیسپانیادا نا و لێکدانەوە نامۆکانی هاندەرانیان رەتکردەوە.
بۆ کۆتاییهێنان بەم مشتومڕە بە شێوەیەکی کۆتایی، کلاودیۆ تاپیا، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین، بێدەنگییەکەی شکاند. تاپیا کە پڕوپاگەندەکان گەیشتبوونە ئەو راددەیەی بڵێن لەلایەن FBIـەوە دەستبەسەر کراوە، پەیامێکی درێژی لە هەژمارە فەرمییەکانی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە گەلی ئەرجەنتین کرد شکست قبوڵ بکەن و درۆکان پشتگوێ بخەن.
تاپیا لە سەرەتای پەیامەکەیدا گوتی "نەمانتوانی لە ئیسپانیا ببەینەوە. ئەوان لایەنی باشتر بوون، و سەرکەوتنێکی شایستەیان بەدەستهێنا و دەبێت ئازایەتی ئەوەمان هەبێت دانی پێدا بنێین. دەبین لە جیهانی وەرزشدا فێری قبوڵکردنی شکست بین بەهەمان ئەو شکۆمەندییەی کە ئاهەنگی پێوە دەگێڕین لە کاتی سەرکەوتنەکاندا".
هەروەها وەک رۆژنامەی مارکای ئیسپانی گواستوویەتییەوە، تاپیا دەڵێت "بەڵێ، یاریی کۆتاییمان دۆڕاند، بەڵام راستییەکی نەگۆڕ ئەوەیە ئەم نەوەیە پێشتر خۆشییەکی گەورەیان بە وڵاتەکەمان بەخشی. ئەرجەنتین پێشتر ئاهەنگی گێڕاوە، چونکە ئەم تیپە جارێکی دیکە بەهای گەورەی خۆی لای گەلەکەمان سەلماندەوە. شکست ئازارمان دەدات، چونکە عەقڵیەتێکی کێبڕکێکارمان هەیە، چونکە ئێمە خاوەنی زۆرترین نازناوین لە مێژوودا، و پلەی دووەم هەرگیز ئامانجی ئێمە نییە".
سەرۆکی یەکێتیی ئەرجەنتین داوای لە جەماوەر کرد ئارام ببنەوە و گوتی "با بۆ ساتێک تۆپەکە رابگرین و تێبفکرین. قوربانیدانی ئەم یاریزانانە و دەستەی هونەری و هەموو ئەو کەسانە لەبیر بکەن کە زیاتر لە 50 رۆژ لە خێزانەکانیان دوور بوون، تەنیا بۆ یەک ئامانج: نوێنەرایەتیکردنی ئەرجەنتین بە باشترین شێوە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، گوتی "بە درۆکان و ئەو هەڵمەتە رێکخراوانە هەڵمەخەڵەتێن کە ئامانجیان تەنیا تێکدانی سەقامگیریمانە. واز لە هەوڵدان بۆ هاندانی جەماوەر دژی ئەوانە بهێنن کە شتی زۆریان پێشکەش بە تۆپی پێی ئەرجەنتین کردووە. ئەمڕۆ کاتی سوپاسگوزاری و پشتگیری و داننانە بە رۆڵی ئەم یاریزانانەی گیانی خۆیان بۆ درێسەکە بەخشی. لێرە هیچ پاساوێک نییە، لێرە تەنیا تۆپی پێ یاری دەکەین.. بژی ئەرجەنتین".




