رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤانێکی ناوداری ئیسپانیا، داوا لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەکات، کریستیانو رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، بگەڕێنێتەوە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر رۆیشتنی لە یانەکە.
بەپێی میدیای ئیسپانیا، ئەو رۆژنامەڤانە پێشنیازێکی خستووەتە بەردەم کارگێڕی ریال مەدرید، بۆ ئەوەی یارییەکی دۆستانە لە نێوان ریال مەدرید و یانەی نەسڕی سعودی رێکبخەن، تاوەکو تیپەکە کێبڕکێ لەسەر چلەمین نازناوی جامی دۆستانەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بکات.
تۆماس رۆنسێرۆی رۆژنامەڤانی بەناوودەنگی ئیسپانی، لە ڤیدیۆیەکدا دەڵێ، "یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ تەنیا بە بینینەوەی کریستیانو پڕ دەبێت". هەروەها دووپاتیکردەوە کاتێکی زۆر گونجاوە بۆ گەڕانەوەی ئەم پاڵەوانێتییە دۆستانەیە پێش دەستپێکردنی لالیگا، چونکە یاریگای نوێی بێرنابیۆ تەواو بووە و ئامادەیە بۆ لەخۆگرتنی یارییە گەورەکان.
جامی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە ساڵی 1979ـەوە بەرلە دەستپێکردنی هەموو وەرزێک ئەنجام دەدرا، بەڵام لە ساڵی 2018ـەوە دوای ئەنجامدانی 39 خول، بەڕێوەچوونی ئەو جامە وەستا.
بەپێی پێشنیازەکە، ئەو یارییە دەبێتە هەلێک بۆ رێزلێنان لەو یاریزانانەی پێشتر لە ریال مەدرید بوون، وەک لوکا مۆدریچ کە پێشتر واژۆی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ میلان کردووە، یان ناچۆ فێرناندێز کە ئێستا لە یانەی قادسیەی سعودی یاری دەکات و بە شێوەیەکی شایستە ماڵئاوایی لێ نەکرا، بەڵام گرنگترینیان گەڕانەوەی رۆناڵدۆیە بۆ بێرنابیۆ.
پێشنیازەکە لە کاتێکدایە وەرزی داهاتوو دەبێتە دوایین ساڵی گرێبەستەکەی رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ، ئەمەش ئەگەری وازهێنانی ئەو یاریزانە لە یاری کردن زیاتر دەکات.
کریستیانو رۆناڵدۆ بە تۆمارکردنی 450 گۆڵ لە ماوەی 9 ساڵدا لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2018 بە گۆڵکاری مێژوویی یانەی ریال مەدرید دادەنرێت.




