رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری ریال مەدرید، سوورە لەسەرئەوەی یانەکەی گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکی نوێدا بکات و بەتایبەت داوای یان دیۆماندێی ئەستێرەی یانەی لایپزیگی ئەڵمانی کردووە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە، ریال مەدرید دەستەوارەیەکی بە بڕی 90 ملیۆن یۆرۆ و 10 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەک پاداشت پێشکێشی یانە ئەڵمانییەکە کردووە، لەپێناو دەستبەرداربوون لە دیۆماندێ، بەڵام لایپزیگ رەتیکردووەتەوە و چەندین یانەی گەورەی ئەورووپاش رکابەری لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکەن.
بەپێی زانیاریەکان، هەریەک لە یانەکانی مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵ لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندییان بە دیۆماندێوە کردووە، بەڵام یاریزانەکە ئارەزووی پۆشینی درێسی هیچ کام لەو دوو یانەیەی پێشان نەداوە.
مۆرینیۆ بە تووندی دەستێوەردانی کردووە و داوای لە کارگێڕی ریال مەدرید کردووە، هەوڵەکانیان بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکە چڕتر بکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت یانە ئەڵمانییەکە یەکەم دەستەوارەی یانەی شاهانەی رەتکردەوە.
یان دیۆماندێ یاریزانێکی لاوی تەمەن 19 ساڵانە و لە باڵی هێرشبەری یانەی لایپزیگی ئەڵمانی یاری دەکات. ئەم یاریزانە لە مۆندیالی 2026 ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکێش کرد و لە چوار یارییدا بەشداریی کرد و 332 خوکەک یاریی کرد و ئاسیتێکی هەبوو. خێراییە زۆرەکەی و توانای تێپەڕاندنی یاریزانانی بەرامبەر وای لێکردووە چاوی زۆربەی یانە گەورەکانی لەسەربێت
ریال مەدرید لە هێڵی پێشەوەی یاریزانانی وەک ڤینیسیۆس جۆنیۆر، رۆدریگۆ، کیلیان ئێمباپێ و براهیم دیازی هەیە، بەڵام راهێنەرە پۆرتوگالییەکە پێیوایە هێڵی هێرشبەری یانەکەی پێویستی بە خێرایی و جووڵەی زیاترە و ئەو تایبەتمەندییانەش لەو باڵە هێرشبەرەی کۆتدیڤواردا دەبینێت و ئەگەری ئەوە هەیە براهیم دیاز بۆ وەرزی نوێ لە پلانەکانی مۆرینیۆدا نەبێت.
یانەی لیڤەرپوولیش هەمان دەستەوارەی ریال مەدریدی پێشکێش کردووە و ئەویش لەلایەن لایپزیگەوە رەتکراوەتەوە، هەروەها هەندێک راپۆرت ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن یاریزانەکە لەگەڵ پاریس سانجێرمان گەیشتووەتە رێککەوتن، بەڵام تاوەکو ئێستا پاڵەوانی فەرەنسا هیچ شتێکی فەرمیی لەسەر بڵاو نەکردووەتەوە.




