رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە شاری رۆما کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لە نێوان ماڵاگۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا و پاولۆ ماڵدینی و لیۆناردۆ بۆنۆچی بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر داهاتووی پڕۆژەی نوێی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بدرێت.
رەتکردنەوەی ئاندریا پێرلۆ وەک بەربژێر بۆ پۆستی راهێنەری تیپەکە، بووەتە هۆی دروستبوونی بوومەلەرزەیەکی گەورە لە نێو فیدراسیۆنەکەدا و ئەگەری هەیە ماڵدینی و لیۆناردۆ بۆنۆچی دەستلەکاربکێشنەوە.
پاولۆ ماڵدینی، بەڕێوبەری هونەری فیدراسیۆنی ئیتاڵیا و لیۆناردۆ بۆنۆچی یاریدەدەری، بێزاریی خۆیان لە رەتکردنەوەی ئەندریا پێرلۆ لە ئەرکی راهێنەرایەتی ئیتاڵیا نیشانداوە. میدیای ئیتاڵیا ئاشکرایکردووە ئەو دوو بەرپرسە ئامادەن دەستلەکاربکێشنەوە ئەگەر سەرۆکی فیدراسیۆن راهێنەرێک هەڵبژێرێت لەگەڵ بیرۆکەکانی ئەواندا نەگونجێت. ئەم پڕۆژەیە کە تەنیا سێ هەفتە لەمەوبەر دەستیپێکردووە، ئامانجی بونیادنانەوەی ئازووری و تیپە لاوەکانە بۆ مۆندیالی 2030.
ماڵاگۆ هەوڵدەدات ماڵدینی و لیۆناردۆ قایڵ بکات رەتکردنەوەی پێرلۆ پەیوەندی بە بنەما ئەخلاقییەکانی پۆستی راهێنەرایەتییەوە هەبووە و نەیویستووە پێگەی ئەو یاریزانە پێشووتر تێکبدات. سەرۆکی فیدراسیۆن دەیەوێت متمانەی خۆی بۆ پڕۆژەکەیان دووپات بکاتەوە، بەڵام ماڵدینی و لیۆناردۆ لەسەر بژاردەی پێرلۆ سوورن.
ئەگەر کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بێ ئەنجام کۆتاییبێت و ماڵدینی و لیۆناردۆ بڕۆن، فیدراسیۆنی ئیتاڵیا پلانی جێگرەوەی ئامادەکردووە. ماڵاگۆ دەیەوێت جۆرجیۆ کیلینی بخاتە شوێنی ماڵدینی وەک بەڕێوبەری تەکنیکی، هەروەها یەکێک لە راهێنەران رۆبێرتۆ مانچینی یان ئەنتۆنیۆ کۆنتی بۆ سەرکردایەتیکردنی قۆناخی داهاتووی هەڵبژاردەکە دەستنیشان بکات.
ئەم پڕۆژە نوێیە کە وەک هیوا بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ ئیتاڵیا دەبینرا، ئێستا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە و ئەنجامی کۆبوونەوەکەی رۆما هەموو شتێک روون دەکاتەوە.




