رووداو هەولێر
کێشەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی یانەی هەولێر تا دێت زیاتر دەبن، لە دوایین سکاڵای یاریزانانیشدا یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی یانەی هەولێری ئاگادارکردووەتەوە، ئەگەر پارەی قەرزی یاریزانان نەداوەتەوە ناتوانێت بەشداریی یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات.
هەریەک لە ئوسامە رەشید، کاوە ئیبراهیم، هەڵۆ فایەق، محەممەد موحسین، ئیڤان خالید و عەلی رەحیم سکاڵایان لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق تۆمار کردبوو، ئەو وەرزشڤانانە سکاڵاکەیان بردەوە و یەکێتییەکە بەر لە چەند رۆژێک، بەفەرمی و بە نووسراو یانەی هەولێری ئاگادارکردووەتەوە، ئەگەر مافی ئەو شەش وەرزشڤانە نەداتەوە، وەرزی ئەمساڵ ناتوانێت بەشداریی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات.
هەر لەسەر پرسی قەرزەکان و پێنەدانی مافی یاریزانان، هەریەک لە رێبین سۆلاقا و لاس کەنعان، سکاڵایان لەسەر یانەی هەولێر تۆمارکردووە و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق داوایکردووە نوێنەری هەولێر لە بەغدا بێت، بۆ ئەوەی لە لیژنەی کاروباری یاریزانان ئامادەبێت.
وەرزی ئەمساڵ یانەی هەولێر ئەرکی راهێنەرایەتی داوەتە لوئەی سەڵاحی راهێنەر، ئەو راهێنەرە سێ هەفتەیە بەپشتبەستن بە ژمارەیەک یاریزانی پیشەگەر لەگەڵ ژمارەیەک یاریزانی ناوخۆیی ئامادەکارییەکانی بەردەوامە، بڕیاربوو تیپەکە کەمپێکی راهێنان لە تونس بکاتەوە، بەڵام دواتر تیپەکە گەشتەکەی بۆ تونس نەکرد.
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "نووسراوی سکاڵای یاریزانان گەیشتووەتە یانەکەمان و دەبێت مافی ئەو یاریزانانە بدەینەوە، هۆکاری ئەنجام نەدانی کەمپی راهێنان لە تونس لە ترسی داخستنی فڕۆکەخانەکانی عێراقە بەهۆی بارگرژی ناوچەکە، بۆیە بڕیارماندا راهێنانەکان لە ناوخۆی کوردستان ئەنجام بدەین".
هەر لەسەر پرسی سکاڵای یاریزانان دوێنێ دووشەممە هەریەک لە رەوا یوسف، ئەرکان ئەمیر، زەید ئیسماعیل لەگەڵ زولفەقار عەبد عەلی سکاڵایان لەسەر یانەی هەولێر تۆمارکرد و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق جارێکی دیکە ئاگادارکردنەوەی بۆ یانەی هەولێر ناردووە.
هەولێر لەنێو گێژاوێکی قوڵی قەرزەکاندایە و زیاتر لە شەش ملیار دینار قەرزی لەسەرە، ئەو قەرزە لە دەستەی کارگێڕییەکانی رابردوو تا ئەمڕۆ ماوەتەوە، یانەکە چاوەڕوانی هاوکاریی لایەنی پەیوەندارە بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لەو دۆخە ناهەموارە رزگار بکات.




