رووداو دیجیتاڵ
یانەی فولهامی ئینگلیزی ئارەزوویەکی زۆری هەیە بۆ کڕینی گۆنزالۆ گارسیا، هێرشبەری لاوی یانەی ریال مەدرید و ئامادەیە پارەیەکی زیاتر لەوە بدات کە یانە مەدریدییەکە داوای کردووە، بەڵام شێوازی رێککەوتنەکە و مافی خاوەندارێتی یاریزانەکە بووەتە رێگر لەبەردەم کۆتاییهاتنی مامەڵەکە.
میدیای ئیسپانیا ئاشکرای کردووە یانە لەندەنییەکە هەنگاوی بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ گارسیا ناوە، هەرچەندە ریال مەدرید گومانی لە دوایین دەستەوارەی یانە ئینگلیزییەکە هەیە. فولهام ئامادەیە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ بدات تەنیا بۆ بەدەستهێنانی 50%ـی مافی یاریزانەکە، تەنانەت ئامادەیی نیشانداوە بڕی دەستەوارەکە بگەیەنێتە 60 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەوەی بەتەواوی ببێتە خاوەنی ئەو هێرشبەرە. سەرباری ئەم پارە زۆرە، بەرپرسانی مەدرید نایانەوێت بەتەواوی دەستبەرداری گۆڵکارە 22 ساڵانەکەیان بن.
گۆنزالۆ گارسیا سەرەتایەکی تووندی لە ئامادەکارییەکانی پێش وەرز هەبوو بۆ ئەوەی سەرنجی جۆزێ مۆرینیۆ رابکێشێت و شوێنێکی هەمیشەیی لە پێکهاتەکەدا بگرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە یارییەکی دۆستانەدا گۆڵی لەدژی یانەی لیگانێس تۆمارکرد. ئەم یاریزانە خاوەنی کارنامەیەکی درەوشاوەیە و لە 73 یارییدا بۆ تیپی دووەمی ریال مەدرید توانیویەتی 30 گۆڵ تۆمار بکات.
گرێی سەرەکی لەم گواستنەوەیەدا ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری فولهامە. ئەربێلوا پێشتر راهێنەری گارسیا بووە لە تیپی دووەمی مەدرید و ئێستا داوا دەکات ئەو هێرشبەرە ببێتە سەرکردەی هێڵی پێشەوەی تیپە نوێیەکەی لە ئینگلتەرا. راهێنەرە ئیسپانییەکە دەیەوێت بەتەواوی خاوەندارێتی یاریزانەکە لای فولهام بێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تووشی کێشە نەبن، بەڵام ئەمە پێچەوانەی سیاسەتی ریال مەدریدە کە دەیەوێت بەشێک لە مافی فرۆشتنەوەی یاریزانە لاوەکانی بۆ خۆی بهێڵێتەوە.
گرێبەستی ئێستای گۆنزالۆ گارسیا لەگەڵ ریال مەدرید تاوەکو مانگی 6ـی 2030 بەردەوامە. زۆری ژمارەی یاریزانان لە هێڵی هێرشبەری یانە مەدریدییەکە وای کردووە بیر لە فرۆشتنی هەندێک یاریزان بکەنەوە، بەڵام دەیانەوێت هاوشێوەی گرێبەستەکەی نیکۆ پاز، تەنیا نیوەی مافەکانی بفرۆشن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوودی لێ ببیننەوە.




