رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، کارەکانی گواستنەوەی برونۆ گیمارێش، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی نیوکاسڵی تەواوکرد و تەنیا راگەیاندنی فەرمی گرێبەستەکەی ماوە.
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی ئارسیناڵ سەرجەم کارەکانی گواستنەوەی یاریزانەی تەواوکردووە و تەنیا ماوە بەفەرمی گرێبەستەکەی رابگەیێنێت، بۆ ئەوەی لە نیوکاسڵەوە بچێتە لەندەن و وەرزی داهاتوو بەدرێسی گانەرزەوە یاریی بکات.
یاریزانەکە بەرامبەر 75 ملیۆن پاوەند و بە گرێبەستێکی گرانبەها پەیوەندی بە ریزەکانی ئارسیناڵەوە دەکات، ئەمڕۆ چاوەڕواندەکرێت کارەکانی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی تەواو بکات بۆ پەیوەندیکردن بە یانەکەوە.
لە دوای کۆتاییهاتنی مۆندیالی 2026، یانەی ئارسیناڵ هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە چڕکردووەتەوە، بە ئامانجی ئەوەی لە وەرزی نوێدا بە هێڵێکی ناوەڕاستی بەهێزترەوە بچێتە نێو رکابەرییەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی وەرزی رابردوو نازناوی پرێمەرلیگیان بردەوە و دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەکەی بکات.
نزیکبوونەوەی گیمارێش لە بەجێهێشتنی نیوکاسڵ لە کاتێکدایە، لە مانگی رابردوودا ئیدی هاو، راهێنەری یانەکەش رۆیشت و ماتیاس یایسلێ دەبێتە راهێنەری ئەو یانەیە.




