رووداو - دیجیتاڵ
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، کە نزیکە لە یانەی ریال مەدرید، ئەمڕۆ یانەی شاهانە بە بەهای 125 ملیۆن یۆرۆ؛ گرانترین گرێبەست لە مێژووی خۆیدا رادەگەیێنێت.
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و یانەی لایپزیگی ئەڵمانی گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ گواستنەوەی یان دیۆماندێ، ئەستێرەی کۆتدیڤواری بۆ قەڵای سپی، ئەمەش دەبێتە گرانترین گرێبەست لە مێژووی یانە مەدریدییەکەدا.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هەموو رێکارەکان کۆتاییان هاتووە و ئێستا دیۆماندێ لەڕێگەدایە بۆ مەدرید بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان. پێشبینیش دەکرێت هەر ئەمڕۆ یانەکە بەفەرمی گواستنەوەی ئەو یاریزانە رابگەیێنێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی مارکا، بەهای گرێبەستەکە 125 ملیۆن یۆرۆیە، جگە لە 10 بۆ 15 ملیۆن یۆرۆ وەک گۆڕانکاری، بەمەش دیۆماندێ ریکۆردی گرانترین یاریزانی مێژووی ریال مەدرید دەشکێنێت.
ئەم گرێبەستە تەواوکەری زنجیرە گۆڕانکارییە گەورەکانی ئەم هاوینەی ریال مەدریدە، کە تێیدا یانەکە 55 ملیۆن یۆرۆی بۆ مارک کوکورێیا، 25 ملیۆن یۆرۆ بۆ کارلۆس ئیسپای و 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ دینزڵ دومفرێیس خەرج کردووە. ئەمە جگە لە گواستنەوەی هەریەک لە ئیبراهیما کۆناتێ و بێرناردۆ سێلڤا بە گرێبەستی ئازاد.
لە لایەکی دیکەوە، کارگێڕیی فلۆرێنتینۆ پێرێز توانیویەتی هاوسەنگییەکی دارایی باش رابگرێت؛ چونکە تەنیا لە فرۆشتنی یاریزانانی ئەکادیمیای یانەکە، بڕی 184.5 ملیۆن یۆرۆ داهاتی دەستکەوتووە، کە نزیکە لە تەواوی ئەو بڕە پارەیەی بۆ کڕینی یاریزانە نوێیەکان خەرجی کردووە.
سەبارەت بە کاریگەری ئەم گرێبەستە لەسەر ئەستێرەکانی دیکەی تیپەکە، مارکا ئاماژەی بەوە کردووە کە هاتنی دیۆماندێ هیچ پەیوەندییەکی بە داهاتووی ڤینیسیۆس جونیۆرەوە نییە. هەرچەندە یانەی ئارسیناڵ گرنگییەکی زۆر بە گواستنەوەی ڤینیسیۆس دەدات و تەنیا یەک وەرزی لە گرێبەستەکەی ماوە، بەڵام ریال مەدرید دەیەوێت پارێزگاری لە ئەستێرە بەرازیلییەکەی بکات.




