رووداو دیجیتاڵ
ڤینیسیۆس جۆنیۆر گەیشتە رێککەوتنی تەواو بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو پێش کۆتاییهاتنی ئەم هەفتەیە ریال مەدرید بەفەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو هێرشبەرە رابگەیێنێت.
بەرپرسانی ریال مەدرید رۆژی چوارشەممە لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی ئەو یاریزانە نێودەوڵەتییە بەرازیلییە. میدیاکان بڵاویانکردەوە کە ئۆفەرێکی نوێ پێشکەشی یاریزانەکە کراوە هاوشان بێت لەگەڵ ئەو گرنگییەی بۆ پڕۆژەی داهاتووی یانەکە هەیەتی.
ڤینیسیۆس بژاردەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی هەڵبژارد، دوای ئەوەی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی هەوڵێکی زۆری دا بۆ رازیکردنی ئەو یاریزانە تەمەن 26 ساڵانە. ئارسیناڵ دوای بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ لە وەرزی رابردوو، ڤینیسیۆسی وەک ئامانجی یەکەم بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری دەستنیشان کردبوو، یاریزانەکەش ئامادەبوو پەیوەندی بە یانە لەندەنییەکەوە بکات ئەگەر لەگەڵ مەدرید نەگەیشتایە بە رێککەوتن.
مانەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر سەقامگیری بۆ ریال مەدرید دەگەڕێنێتەوە لە هاوینێکدا گۆڕانکاری زۆری تێدا روویداوە. جۆزێ مۆرینیۆ وەک راهێنەر گەڕایەوە، هەریەکە لە مارک کوکورێیا، بێرناردۆ سیلڤا، ئیبراهیما کۆناتێ، کارلۆس ئێسپی و دێنزێل دومفریس گرێبەستیان واژۆ کرد. یانەکە گواستنەوەی یان دیۆماندێی یەکلاکردووە و هەوڵی گواستنەوەی رۆدری دەدا، بەڵام یاریزانەکەی مانچێستەر سیتی بارسێلۆنای هەڵبژاردوە.
ڤینیسیۆس لە 2018ـەوە لە فلامینگۆوە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە، لەو کاتەوە 375 یاری ئەنجامداوە، 128 گۆڵی تۆمارکردووە و 100 ئاسیستی هەبووە. سێ جار نازناوی لالیگا و دوو جار چامپیۆنزلیگی بردوەتەوە. وەرزی رابردوو لە هەموو پاڵەوانێتییەکاندا 22 گۆڵی تۆمارکرد، هەرچەندە یانەکە بە جیاوازی 8 خاڵ لە دوای بارسێلۆناوە پلەی دووەمی لالیگای بەدەستهێنا.




