رووداو دیجیتال
تیپی تایکواندۆی یانەی پەروەردە بەشداریی پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی کراوەی ئوردن کردووە، یاریزانانی دەیانەوێت میدالیای زێڕی پاڵەوانێتییەکە ببەنەوە.
یانەی پەروەردە بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بە پێنج یاریزان و راهێنەرێکی لاو بەشداریی پاڵەوانێتییەکەی کردەوە کە 110 یانە لەسەر ئاستی هەموو جیهان بەشدارن، پێکهاتەی یانەی پەروەردەی کوردستان بریتیین لە: محەممەد مزەفەر، راهێنەر لەگەڵ یاریزانان ئاکام فەرمان، لەوەند شەمسەدین، مەتین شوان، سەهەند شەمسەدین، عومەر عەلی.
دوو رۆژە پاڵەوانێتییەکە دەستیپێکردووە، تیپەکەی کوردستان لەسەر هەر سێ ئاستی پیشکەوتووان، لاوان و تازەپێگەیشتووان رکابەریی دەکات، لە رکابەریی ئاستی پێشکەوتووان لەوەند شەمسەدین، توانی میدالیای بڕۆنز لە ئاستی پێشکەوتوان بباتەوە.
محەممەد مزەفەر، راهێنەری تیپی تایکواندۆی یانەی پەروەردە لە ئوردنەوە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "شانازییە بە ناوی پەروەردەی کوردستان بەشداریی ئەو پاڵەوانێتییە گەورەیەمان کردووە، کە زۆربەی یانە گەورەکان لەسەر ئاستی جیهان بەشدارن و هەموو هەوڵی ئێمە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش و بەدەستهێنانی دەسکەوتە بۆ کوردستان ".
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو یاریزانانی یانەی پەروەردە لەسەر ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتووان رکابەریی بکەن، چاوەڕواندەکرێت پاڵەوانانی کورد ژمارەیەک میدالیای جیهانی جۆراوجۆر لە پاڵەوانێتییەکەدا ببەنەوە.
گەشتی یانەی پەروەردە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی تایکواندۆی نێودەوڵەتی کراوەی ئوردن بە پاڵپشتی راستەوخۆی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
پاڵەوانێتییەکە بە بەشداریی 110 یانە بەرێوەدەچێت و یانە بەشدارەکان لە 40 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان کردووە، یانەی پەروەردە بەپێنج یاریزان بەشدارە، بڕیارە یاریزانەکانی لەسەر ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتوان و لاوان ململانێی بردنەوەی میدالیای زێڕ بکەن.



