رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند رۆژێکی کەم لە تۆمەتبارکردنی بە 114 لادانی دارایی لە یاسا پەیڕەوکراوەکانی پرێمەرلیگ، مانچێستەر سیتی رووبەڕووی تەنگژەیەکی نوێ بووەوە، ئەمجارەیان یەکێک لە سپۆنسەرەکانی یانەکە، بەچەندین تاوانی جیاواز، تۆمەتبارکراوە.
رۆژنامەی 'سەن'ی بەریتانی دەڵێ، کۆمپانیای ئۆ کەی ئێکس (OKX) کە یەکێکە لە کۆمپانیا سپۆنسەرەکانی یانەکە و یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی دراوی ئەلیکترۆنی لە جیهاندا، سزای گەورەی دارایی بەسەردا سەپێنراوە، بەهۆی سەرپێچی لە یاسا داراییەکان و شووشتنەوەی پارە.
دیارترین بەشی دۆسێیەکە، بۆ ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک لقی کۆمپانیاکە لە ئەمریکا ناچارکرا بڕی 504 ملیۆن دۆلار بدات، بەهۆی پێشێلکردنی بەزاندنی سیستمی نەهێشتنی شووشتنەوەی پارە، لەو وڵاتە.
دادگایەکی نیویۆرک دەڵی، سزادانی کۆمپانیاکە بەهۆی تۆمەتبارکردنی دێت بە "ئاسانکاری مامەڵەی گوماناوی و داهاتی تاوانبارانە کە بەهاکەی زیاتر لە 5 ملیار دۆلارە".
کێشە داراییەکانی کۆمپانیاکە تەنیا لە ئەمریکا نین، لقی هەمان کۆمپانیا لە ئەورووپا، رووبەڕووی سزایەکی دیکە بووەتەوە لە ماڵتا، ئەوەش بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی نەهێشتنی شووشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی رێکخراوی پەیوەست بە تیرۆر.
کۆمپانیاکە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، رووبەڕووی زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە و تەنگژەی دارایی بووەتەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ سکاڵای مامەڵەکارانی کۆمپانیاکە کە گوتویانە، رووبەڕووی زیانی دارایی گەورە بوونەتەوە.
لایەنەکانی چاودێریی دارایی، لێکۆڵینەوەیان لە چالاکییەکانی کۆمپانیاکە لە چەندین وڵات دەستپێکردووە، لە نێویاندا چین، کۆریای باشوور، تایلاند و هۆڵەندا، لە کاتێکدا ئەو کۆمپانیایە بڕی 700 هەزار پاوەندی لە کەنەدا وەک سزا داوە، بەهۆی سەرپێچی یاساییەوە.
وێڕای تەنگژە و گومانە گەورەکانی سەر کۆمپانیاکە، مانچێستەر سیتی، هەنگاوی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیاکە نەناوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2022ەوە گرێبەستی لەگەڵیدا هەیە و ساڵانە نزیکەی 55 ملیۆن پاوەند لەو کۆمپانیا سپۆنسەرە، وەردەگرێت.
'سەن' دەڵێ، مانچێستەر سیتی، یاریی داهاتووی خۆی لە پرێمەرلیگ بەرامبەر لیڤەرپوول، بەو درێسانەوە ئەنجامدەدات، کە لۆگۆی کۆمپانیاکەیان لەسەرە.
رۆژنامەکە لە زاری هەندێک شارەزای کەرتی تۆپی پێی ئینگلتەرای گواستووەتەوە کە، هەمووان پێیان سەیرە یانەکە تاوەکو ئێستا، هیچ هەنگاوێکی بەئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە نەناوە، لە کاتێکدا کۆمپانیاکە لە ژێر وردبینی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دارایی وڵاتدایە.




