رووداو دیجیتاڵ
چەند خولەکێک پێش یارییەکەی ئەرجەنتین بەرامبەر بێنین، لە کاتی ئاهەنگی ماڵئاوایی لیۆنێل مێسی لە یاریگای مۆنۆمێنتال، کۆمەڵێک هاندەر دروشمی دژی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین، کلاودیۆ تاپیایان بەرزکردەوە.
ئەم دروشمانە دوای یارییەکە دووبارەکرانەوە، لە کاتی نمایشکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
بەپێی رۆژنامەی لا ناسیۆنی ئەرجەنتینی، هەواداران دروشمی "چیکی تاپیا، ئەی شکستخواردۆ! چیکی تاپیا، ئەی کوڕی سۆزانی!" لە کاتێکدا هاندەران بەردەوام بوون لە چوونە ناو یاریگاکە بۆ بینینی یارییەکە، .
سروودەکان سەرەتا لە نهۆمی سەرەوەی ستاندی سێنتێناریۆ سەرچاوەیان گرت و لەگەڵ تێپەڕبوونی خولەکەکاندا، بۆ ناوچەکانی دیکەی یاریگاکە بڵاوبوونەتەوە، لەنێویاندا ستاندی بەنێوبانگی سیڤۆری.
ستاندی سیڤۆری یەکێکە لە بەشە دیارەکانی یاریگای مۆنۆمێنتال و بە ئامادەبوونی دەنگی هاندەرانی ریڤەرپلەیت ناسراوە، بەتایبەتی لە نهۆمەکانی سەرەوە.
خوانما توچی، رۆژنامەنووسی ئەرجەنتینی راگەیاند "خەڵک لە یاریگای مۆنۆمێنتال سووکایەتییان بە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین دەکرد، چەند خولەکێک پێش یارییەکەی ئەرجەنتین و بێنین، لەناوبردنی تۆپی پێی ئەرجەنتین کارێکی بچووک نییە".
پاشان هەر کە یارییەکە کۆتاییهات، دروشمەکان دەستیان پێکردەوە. لەکاتێکدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سڵاو بۆ مێسی دەکرا، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین جارێکی دیکە بە قسەی زبر پێشوازی لێکرا.




