رووداو دیجیتاڵ
پاسکال فێرێ، سەرنووسەری پێشووی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ و سەرپەرشتیاری پێشووی خەڵاتی باڵۆندۆر پەردەی لەسەر هەوڵێکی پێدانی بەرتیل لەلایەن بەڕێوەبەری کاری یاریزانێکی بەربژێرەوە لادا، بەمەبەستی کاریگەریکردن لەسەر دەنگدەرانی خەڵاتەکە.
فێرێ لە لێدوانێکیدا چیرۆکی رووداوەکەی گێڕایەوە و گوتی "بەڕێوەبەری کاری یاریزانێک داوای بینینی منی کرد، ئەو یاریزانەی کاری بۆ دەکرد یەکێک بوو لە بەربژێرانی خەڵاتەکە، دوای ئەوەی باسی لە تواناکانی یاریزانەکەی کرد، داوای لێکردم ئایا دەتوانم بە جۆرێک لە جۆرەکان بەربژێربوونی ئەو یاریزانە بە دەستەی دەنگدەران بفرۆشم؟ منیش بێگومان وەڵامم دایەوە کە ناتوانم شتێکی لەو شێوەیە بکەم".
بەرپرسی پێشووی باڵۆندۆر لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ناچاربووە بۆ چەند ساتێک ژوورەکە جێبهێڵێت، بەڕێوەبەری کارەکەش ئەم هەلەی قۆستووەتەوە و رۆیشتووە، بەڵام زەرفێکی لەسەر مێزەکە بەجێهێشتووە. فێرێ گوتی "زەرفەکەم هەڵگرت و دامە دەستی پرسگەی شوێنەکە، نەمدەزانی چی لەناودا بوو، دوای ئەوە چەندین جار ئەو کەسەم بینییەوە بەڵام هەرگیز باسی زەرفەکەی نەکردەوە و پێی نەگوتم چی تێدابوو".
ئەم رووداوە ئاشکرایەی هەوڵدان بۆ بەرتیلدان پێشانیدەدات چۆن بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆر لە جیهانی تۆپی پێدا بووەتە بابەتێکی هەستیار کە هەندێک کەس ئامادەن لە پێناویدا بنەماکان و پرەنسپەکان پێشێل بکەن. پاسکال فێرێ تاوەکو ساڵی 2023 وەک بەرپرسی یەکەمی رێکخستنی خەڵاتی باڵۆندۆر لە گۆڤارە فەرەنسییەکە کاری کردووە.




