رووداو دیجیتاڵ
لامین یامال باسی لە کاریگەریی دایکی لەسەر ژیان و پێگەیاندنی ئەو وەک گەنجێک کردووە، دەڵێ رووبەڕووی تەنگژەی زۆر بووینەوە، بەڵام دایکم نموونەیی بوو.
لامین کە پاش یارییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمجارە، لەگەڵ بارسێلۆنا دەست بەمەشقدەکاتەوە، بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی لالیگا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا دەڵێ، "خانوویەکم بۆ دایکم کڕی، لەو شوێنەی کە خۆی دەیەوێت. پێمگوت حەزدەکەی لەکام ناوچە بژیت لەوێ خانووت بۆ دەکڕم، تۆ تەنیا ناوچەکە دەستنیشان بکە و هیچی دیکە".
ئەو هەروەها گوتوویەتی، "ئێمە لە شوقەیەکدا دەژیاین کە چێشتخانە و ژووری نووستنەکەی یەک بوو، زۆر بچووک بوو".
سەرکەوتنەکانی لامین لە یاریگادا، گۆڕانکاریی گەورەی لە ژیانی خۆی و خێزانەکەشیدا دروستکرد. ئەو دەڵێ، "دەبینم دایکم دڵخۆشە، براکەم ئەو منداڵییەی هەیە کە من لێی بێبەش بووم، ئەوە زۆر دڵخۆشم دەکات".
ئەستێرە لاوەکەی بارسا زیاتر روونیدەکاتەوە کە ئەو، هەوڵیداوە دڵی نەنکیشی خۆش بکات، باسی لە نەنکی (دایکی باوکی) کردووە و دەڵێ هەموو کات ئەو لەپاڵمدا بوو، دڵخۆشم بەوەی ئەو دڵخۆشە.
لامین زیاتر باسی دایکی خۆی دەکات و دەڵێ، "دایکم هەموو ئەوەی هەیە کە ئاواتی بۆ دەخوازێت، ئەو شاژنی منە، بەبەهاترینی ژیانی منە، ئەو دایکێکە، هەموو کەس هیواخوازە دایکێکی لەو شێوەیەی هەبێت".
دایکی یامال، وەک ئەوەی میدیاکان باسیدەکەن، وێڕای ئەوەی کوڕەکەی بەهرەیەکی گەورەی لە تۆپی پێدا هەبووە، بەڵام هەموو کات سووربووە لەسەرئەوەی لامین خوێندن تەواو بکات و هەڕەشەی ئەوەی لێکردووە، ئەگەر لە خوێندندا سەرکەوتوو نەبێت، ناهێڵێ تۆپی پێ بکات.



