رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، گاڵتەی بە سایمۆن جۆردان کرد، شیکەرەوەی وەرزشی و سەرۆکی پێشووی یانەی کریستاڵ پاڵاس، وەک وەڵامێک بۆ ئەو رەخنانەی ئاراستەی کردبوو دوای بەجێهێشتنی کەمپی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەهۆی ناکۆکیی لەگەڵ راهێنەر خۆرخی جیسوس.
رۆژنامەی دەیلی مەیل بڵاویکردەوە کە راگەیاندنکاری بەناوبانگ، پێرس مۆرگان، دووپاتی کردووەتەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ رەخنەیەکی تووندی لە سایمۆن جۆردان گرتووە دوای ئەوەی هەردوو پێشکەشکارەکە کەوتنە دەمەقاڵێیەکی میدیاییەوە سەبارەت بە ئەستێرەکەی پۆرتوگال، کە تێیدا جۆردان پێشکەشکاری بەرنامەی 'فوتبۆڵ ئەنسێنسۆرد'ـی بەوە تۆمەتبار کرد کە 'ماستاوچیێتی' دەکات بەهۆی پشتیوانییەکانی بۆ دۆن.
مۆرگان، کە بە هاندەری ئارسیناڵ ناسراوە، خۆی خستە نێو مشتومڕێکی گەرمەوە سەبارەت بە رۆیشتنی لەناکاوی رۆناڵدۆ لە کەمپی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و ئەو پەیامە 1996 وشەییەی دواتر کە تێیدا بۆچوونی خۆی روونکردەوە.
ناڕەزایەتییەکەی رۆناڵدۆ لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بە 'بەڵێنی درۆینە' لە لایەن راهێنەر خۆرخێ جیسوسەوە پێدراوە.
مۆرگان بەتووندی بەرگریی لە هەڵوێستی رۆناڵدۆ کرد و لە کەناڵی talkSPORT لەگەڵ جۆردان کەوتنە دەمەقاڵێ، دوای ئەوەی جیسوسی تۆمەتبار کرد بەوەی رێزی پێویستی بۆ ئەم یاریزانە تەمەن 41 ساڵە و پێگەی لە یارییەکەدا دەرنەبڕیوە.
لە ئێوارەی ئەو رۆژەدا و لەمیانی بەرنامە تایبەتەکەی خۆیدا بەناوی 'تۆپی پێ بەبێ سانسۆر' Football Uncensored، مۆرگان لەگەڵ جەیسۆن کاندی، میوانی بەرنامەکە، باسی لەوە کرد کە گرتە ڤیدیۆیی دەمەقاڵێکەی بۆ خودی رۆناڵدۆ ناردووە.
مۆرگان بە دەنگێکی بەرز گوتی، کە بووە هۆی پێکەنینی کاندی "کریستیانۆ کورتەنامەیەکی ناردووە و دەڵێت: ئەو پیاوە قژزەردە، پێیبڵێ با واز لە بەکارهێنانی بۆتۆکس بهێنێت، چونکە لە سێو دەچێت".
هەروەها زیاتر گوتی "هەواڵی بەپەلە راستەوخۆ لە کریستیانۆ رۆناڵدۆوە: تۆ سێویت".
مۆرگان هەروەها گوتی "ئای لە تۆ، چەند سێوێکی قژزەرد و دەموچاو لووسی بەشێوەیەکی گوماناوی!".
کاتێک ریچارد کیزی هاوکاری لە ستۆدیۆدا هاتە ناو قسەکردن و گوتی لەوانەیە جۆردان زۆر پێی خۆش نەبووبێت کە بە 'ئەو پیاوە قژزەردە' ناوببرێت، مۆرگانی تەمەن 61 ساڵ بەگاڵتەوە گوتی کە جۆردانی تەمەن 59 ساڵ "نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر قژی بە سروشتی زەرد بوو".
هێرشی جۆردان بۆ سەر رۆناڵدۆ و مۆرگان
جۆردان، مۆرگانی تووڕەکرد کاتێک چاوپێکەوتنەکەی ساڵی 2022ـی لەگەڵ رۆناڵدۆ، کە بووە هۆی رۆیشتنی پڕ لە مشتومڕی لە مانچێستەر یونایتد، وەک 'پەیوەندییەکی خۆشەویستیی ماستاوچیانە و دەستکرد' وەسف کرد.
پاشان شیکاری بۆ رەفتارەکانی خودی رۆناڵدۆ لە ناکۆکییەکەی لەگەڵ جیسوس کرد و لە مۆرگانی پرسی "لەڕوانگەی تۆوە بەشێوەیەکی گشتی، ئایا دەکرێت خاڵی هاوبەشی ناکۆکییەکان هەندێک لە رەفتارەکانی رۆناڵدۆ بێت؟ ئایا لە عەقڵییەتە هاوسەنگ، نادڵنیا و ماستاوچییەکەتدا بۆ رۆناڵدۆ، ئەگەری وەها شتێک هەیە؟".
کاتێک مۆرگان بەردەوام بوو لە ناڕەزایەتی دەربڕین، جۆردان زیاتر گوتی "بەو ئەزموونە فراوانەی تۆ لە بەڕێوەبردنی یاریزانان و تێگەیشتنت لەو داینامیکییەی لە پشت پەردەوە دەگوزەرێت، تەنانەت ناتوانیت لە نووکی لووتی خۆت زیاتر ببینیت کە دەکرێت کاتێک کێشەکان روودەدەن خاڵێکی هاوبەش هەبێت؛ لەوانەیە ئەو خاڵە هاوبەشەش رەفتاری رۆناڵدۆ بێت".
دواتر جۆردان، مۆرگانی بە "نەفام - گێل" وەسف کرد، دوای ئەوەی سەرنووسەری پێشووی رۆژنامەی 'دەیلی میرەر' جۆردانی تۆمەتبارکرد بەوەی ئەزموونی پێویستی نییە بۆ لێدوان، بەهۆی نەبوونی هیچ پێشینەیەک لەو بوارەدا.
دواتر مۆرگان روونیکردەوە کە لەبەر هەستی 'شانازی' پشتیوانی لە بڕیاری رۆشتنی رۆناڵدۆ و پەیامەکەی کردووە.
مۆرگان دووپاتیکردەوە "من شانازی پێوە دەکەم، چونکە بەرگریی لە خۆی کرد. من پێموایە لە ژیاندا دەبێت بەرگری لە خۆت بکەیت نەک تەنیا کاتێک بێڕێزیت پێدەکرێت، بەڵکو کاتێکیش کە بەڕێوەبەرەکەت لە شوێنی کارەکەت درۆت لەگەڵ دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد "دیارە کە ئەو لە کۆتایی کاروانی وەرزشیی خۆی نزیک دەبێتەوە، و درک بە مێژوو و پێگەی خۆی دەکات و دەیەوێت بەشێوەیەکی شایستە کۆتایی پێبهێنێت. تاکە شتێک کە بەدرێژایی ئەو ساڵانەی ناسیومە سەرنجی داوم ئەوەیە کە دەبێت راشکاو بیت لەگەڵیدا، و دەبێت رێزی لێ بگریت".




