رووداو دیجیتاڵ
لە رکابەرییەکانی گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی دهۆک سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر یانەی زاورا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بەدەستهێنا، یانەی هەولێریش لە دواساتەکاندا نەیتوانی تامی بردنەوە بکات و لەگەڵ نەفتی میسان بە گۆڵێک یەکسانبوو.
لە یاریی یەکەمدا، یانەی دهۆک لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداری یانەی زاورای کرد و ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد. ئاسۆ رۆستەم لە خولەکی 2 بە تۆمارکردنی گۆڵی پێشکەوتن دهۆکی پێشخست و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتاییهات. لە دەستپێکی گێمی دووەم و لە خولەکی 48 یونس حەمود گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، دواتریش لە خولەکی 80 ئاسۆ رۆستەم گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی دهۆکی تۆمارکرد و بردنەوەی یانەکەی بە ئەنجامی 3-0 مسۆگەرکرد. بەم سەرکەوتنە، دهۆک کۆی خاڵەکانی گەیاندە 12 خاڵ لە پلەی حەوتەم، لە کاتێکدا زاورا بە 18 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی مایەوە.
لە لایەکی دیکەوە، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لەسەر یاریگەی نێودەوڵەتی میسان رووبەڕووی یانەی نەفتی میسان بووەوە. یاریزانی بەرازیلی میۆلین لە خولەکی 34 گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەولێر تۆمارکرد و یانەکە تاوەکو کۆتایی یارییەکە بە گۆڵێک لەپێش بوو، بەڵام لە کاتی زیادکراودا ناوبژیوان لێدانی سزای بۆ خاوەن یاریگە هەژمارکرد و نەوت میسان گۆڵی بەرامبەربوونی تۆمارکرد و یارییەکە 1-1 کۆتاییهات.
بەم یەکسانبوونە، یانەی هەولێر ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 18 خاڵ لە پلەکانی پێشەوەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هاوکات یانەی نەفتی میسانیش بە 7 خاڵ لە پلەی هەژدەهەمی خولەکە جێگیر بوو.



