رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیکی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، بڕیاری بانگهێشتکردنی ئۆریان گۆرینی، بەهرەمەندی ئیسرائیلی داوە بۆ یاریی کلاسیکۆ، ئەوەش پاشئەوەی دانی ئۆلمۆ لە یاریی پاریس سانجێرماندا دووچاری پێکان بوو و لە کلاسیکۆ دوورخرایەوە.
فلیک ئەو بەهرەمەندە ئیسرائیلییە تەمەن 17 ساڵانەی بانگهێشتی مەشقەکانی تیپی یەکەمی یانەکەی کردووە، کە دوێنێ بەڕێوەچوون، لە هەنگاوێکی گەورەدا بەئاراستەی پشتبەستن بەو یاریزانە لە داهاتوودا.
رۆژنامەی 'سپۆرت' ئاشکرایکردووە، گۆرین دەرچووی ئەکادیمیای لاماسیایە، یەکێکە لە بەهرەمەندە دیارەکان، دایک و باوکی پێشتر بەهۆی کارەوە لە بارسێلۆنا نیشتەجێبوون. یاریزانە وڵاتینامەی چیک و ئیسرائیلی هەیە.
فلیک سەرنجی خستووەتە سەر گۆرین، پاشئەوەی توانا و لێهاتوویی ئەوی لە خوێندنەوەی یارییەکاندا بینیوە. هەر بۆیە ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە، بەهرەمەندەکەی بانگهێشتی ماوەی ئامادەکاریی تیپی یەکەمی یانەکە کرد.
گۆرین سەرکەوتووە بووە لە تێپەڕاندنی تاقیکردنەوە جیاوازەکانی تیپی یەکەم، لە یاریی خوان گامبەردا بەشدارییکردووە و شوێنی چاڤی ئێسپارتی گرتووتەوە لە گێمی دووەمی یارییەکەدا.
گۆرین دەتوانێت لە زیاتر لە پێگەیەکی ناوەڕاست یاریی بکات، بەڵام هانزی دەیەوێت ئەو لە نزیک گۆڵی تیپی بەرامبەر یاریی پێبکات. لە کاتێکدا جولیانۆ بێلیتی راهێنەری تیپی دووەمی بارسا، ئەو وەک رێکخەری ریتمی یاریی لە ناوەڕاستدا بەکاردەهێنێت.
یاریزانەکە بە قاچی راست یارییدەکات، بەشداری لەسەرجەم یارییەکانی تیپی دووەمی یانەکەدا کردووە. گۆرین یاریزانی هەڵبژاردەی خوار 21 ساڵانی ئیسرائیلە، بەشداری لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەیۆرۆ کردووە.
شێوازی یارییکردنی لە شێوازی یارییکردنی پێدری و ئینێستا دەچێت، بەتایبەت لە خێرایی بڕیاریدان، دۆزینەوەی چارەسەر، هەروەها توانای بەرز لە پێکەوەبەستنەوەی هێڵەکان و دروستکردنی یاریی.
ئەو تایبەتمەندییانە وایکردووە، لەلایەن میدیاکانەوە بە لێچووی پێدری و ئینێستا ناوببرێت.
فلیک وەک کەسە نزیکەکانی گوتویانە، بەوە زۆر سەرسامە کە یاریزانەکە خێرا فێردەبێت و ویستی گەشەکردنی گەورەی هەیە.
میدیاکان دەڵێن، ئەگەری بەشداریکردنی گۆرین لە کلاسیکۆدا لاوازە، بەڵام ئەگەر تیپەکەی فلیک لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا، بەئەنجامێکی گەورە لەپێشەوەبێت، ئەو یاریزانە هەلی دەرکەوتن بۆ چەند خولەکێکی لە یارییەکەدا دەبێت.




