رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید، یارییەکی قورس بەرامبەر بارسێلۆنا لە نێو یاریگای ئەوی دواییان، لە گەڕی دەی لالیگا ئەنجامدەدات، یارییەک کە دەکرێ کۆتایی بەهەموو خەونێکی مەدریدییەکان، بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوی وەرزی ئەمساڵی لالیگا بهێنێت.
یارییەکە کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت.
یارییەکە، بۆ ریال مەدرید لە دۆخێکی سەختدایە، تیپەکە بە 21 خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندی بەدەستەوەیە، بەجیاوازیی شەش خاڵ لە دوای بارسای پێشەنگەوەیە کە 27 خاڵی هەیە.
بارسا لە لالیگای ئەمساڵدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە کاتێکدا ریال مەدرید لە دوو بۆنەی جیاوازدا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید و بەرامبەر ڤیاڕیال دۆڕاوە.
ریال مەدرید پێویستیی زۆری بەبردنەوە یان لانیکەم، یەکسانبوون لە یارییەکەدا هەیە، بۆئەوەی ئومێدی خۆی بە نازناوی ئەمساڵی لالیگا، زیندوو بهێڵێتەوە.
ئەگەرچی مۆرینیۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی بەرلە یارییەکەدا، خۆی لە پرسیاری رۆژنامەوانان لەبارەی شێوازی یارییکردن بەرامبەر بارسێلۆنا دۆزییەوە، بەڵام میدیای ئیسپانیا سێ سیناریۆی جیاواز، بۆ شێوازی یارییکردنی ئەو راهێنەرە بەرامبەر بارسا دەخەنە روو.
وەک سەرچاوەکان گوتوویانە، پلانەکانی مۆرینیۆ هەموویان پشت بە شێوازی یارییکردنی 4 - 2 - 3 - 1 دەبەستن، بەڵام لە رووی یارییکردنی یاریزانانەوە جیاواز دەبن.
پلانی یەکەم، بریتییە لە بەردەوامبوون بەپشتبەستن بە فیدریکۆ ڤاڵڤێردی وەک بەرگریکاری باڵی راست، ئەوەش بۆ داخستنی رووبەر و پانتایی جووڵە لەبەردەم ئانتۆنی گۆردۆن. ئەگەر ئەوە رووبدات، دووپاتکردنەوەی متمانەی جۆزێ دەبێت بە کاپتنی تیپەکە بەسەر هەریەکە لە ئەلێکساندەر ئارنۆڵد و دینزل دۆمفرێس.
ئەگەر جۆزێ پەنا بباتە بەر ئەو شێوازە، ئاردا گولەر دەبێتە هەڵسوڕێنەری هێڵی ناوەڕاست لەپاڵ چوامینی و ئێندریک یان بێرناردۆ سێلڤا لە باڵی هێرشبەریی راستی تیپەکە یارییدەکەن.
لە پلانی دووەمدا، دەکرێ ڤاڵڤێردی بگەڕێتەوە ناوەڕاستی یاریگا، لەپاڵ چوامینیدا، ئەوکات ئارنۆڵد یان دۆمفرێس لە بەرگریی باڵی راست بن، بەوەش گولەر دەچێتە باڵی راستی هێرشبەری.
پلانی سێیەم، بریتی دەبێت لە یارییکردنی ڤاڵڤێردی وەک هێرشبەری باڵی راست، بۆ ئەوەی هاوکاریی بەرگریکاری پشتی خۆی بکات، بەوەش گولەر دەگەڕێتەوە ناوەڕاستی یاریگا و دەبێتە پلەی مەیکەر.
پێشبینیکراوە لە شوێنی ڤینیسیۆس جۆنیۆری راگیراو، مۆرینیۆ جارێکی دیکە یاریی بە یان دیۆماندێ بکات لە باڵی چەپی هێرشبەریدا.
رۆژنامەی 'مارکا' دەڵێ، 7 یاریزان هەن کە شوێنیان جێگیرە لە پلانەکەدا، لونین کە شوێنی کۆرتوا دەگرێتەوە. براهیما کۆناتێ، مارک کوکورێیا، ئۆریلیێن چوامینی، جود بێلینگهام، یان دیۆماندێ و کیلیان ئێمباپێ.
ئەوەی دەمێنێتەوە بڕیاردانی مۆرینیۆیە لەسەر هێڵی بەرگریی تیپەکە، ئایا رۆدیگێر یان دین هاوسن، کامیان لەگەڵ کۆناتێ دەبن، لە کاتێکدا ئەگەر هەیە، کاماڤینگا لەپاڵ چوامینی، وەک یاریزانی چەق یارییبکات، بۆ سوود بینین لە توانای جەستەیی پتەو و گۆڕینی دۆخی تیپەکە لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبەری.




