رووداو دیجیتاڵ
تێری هێنری، ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا و ئەفسانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی، باسی لە یاریی کلاسیکۆ کردووە و دەڵێ، جوانترین یاریی ریال لە وەرزی ئەمساڵدا، لە کلاسیکۆ بوو.
ئەستێرە فەرەنسییەکە وایداناوە کە داهاتووی لالیگا، ململانێی سەختی نێوان لامین یامال و کیلیان ئێمباپێ لەسەر هەموو نازناوەکان بەخۆوە دەبینێت.
هێنری پەسنی تواناکانی جود بێلینگهامی داوە لە کلاسیکۆدا، دووپاتیکردووەتەوە ئاستی ئەو یاریزانە لە یارییەکەدا، ناوازە بوو.
ئەو دەڵێ، بەهۆی توانای هێشتنەوەی تۆپ لە ژێر قاچەکانی، هەروەها تێپەڕاندنی یاریزانانی بارسا، دۆزینەوەی چارەسەرە لە هەموو دۆخەکاندا، ئەویانکردە یاریزانێکی ناوازە لە کلاسیکۆدا.
هێنری دەڵێ، "ئەوەی بێلینگهام لە یارییەکەدا کردی، بەڕاستی، شێتایەتییەکی راستەقینە بوو".
وێڕای درەوشانەوەی کیلیان ئێمباپێ کە هەردوو گۆڵەکەی ریال مەدریدی تۆمارکرد و خەڵاتی باشترینی یارییەکەی بەدەستهێنا، هێنری تیشکی خستووەتە سەر ئاستی جود و دەڵێ، کاریگەریی گەورەی لەسەرئاستی ریال هەبوو، توانای دروستکردنی جیاوازیی هەبوو.
ئەو هەروەها دەڵێ، "شێوازی یارییکردنی لە کلاسیکۆدا، هەمان شێوازی دەرکەوتنی ئەوی لە یارییەکەی ئینگلتەرا و مەکسیک لە مۆندیال بیرخستمەوە، ئەو تۆپەکەی لای خۆی دەپاراست، ئینجا دەسووڕایەوە کاتێک یاریزانانی بەرامبەر دەهاتنە بەردەمی، دواتر فاوڵی وەردەگرت، یان پاسێکی ناوازەی دەدات، یان خۆی بەتۆپەوە دەچووە پێشەوە".
هێنری هەروەها پەسنی ئاستی بەکۆمەڵی یانەی ریال مەدریدیداوە لە یارییەکەدا و دەڵێ، تیپەکە بۆ یەکەمجار لە وەرزی ئەمساڵدا، ئەو ئاستەی پێشکەشکرد کە لێی چاوەڕێنەدەکرا، بەتایبەت لەسەرئاستی بەرگری و دۆخگۆڕینە هێرشبەرییەکان.
ئەو دەڵێ، "ریال مەدرید سەرسەخت بوون، یەکگرتووییان پاراست، لە هێرشە پێچەوانەکاندا زۆر مەترسیداربوون".
هێنری پێیوایە داهاتووی ململانێی ریال و بارسا، کیلیان و لامین بەڕێوەی دەبەن، هاوشێوەی ئەوەی لە نێوان کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی بۆ چەندین ساڵ، درێژەی کێشا.
ئەو گوتوویەتی، "یامال و کیلیان ململانێ و جەنگێکی سەخت لە لالیگا لە نێوان تیپەکانیاندا بەڕێوەدەبەن، دەکرێ لەسەر بەدەستهێنانی باڵۆندۆریش ململانێ بکەن".




