رووداو دیجیتاڵ
یانەی وەرزشیی هەولێر بە فەرمی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر بەرامبەر یانەی ئیتیفاقی سعودی بە براوە هەژمارکرا، دوای ئەوەی شاندی یانە میوانەکە ئامادەی یارییەکە نەبوو لە شاری هەولێر.
لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگی کەنداو، بڕیاربوو هەردوو یانە لەسەر یاریگای فرانسۆ هەریری رووبەڕووی یەکببنەوە، یانەی هەولێریش سەرجەم ئامادەکارییە کارگێڕی و رێکخستنەکانی بۆ یارییەکە تەواوکردبوو، بەڵام شاندی یانەی ئیتیفاق سەردانی شاری هەولێری نەکرد سەرەڕای ئەو مشتومڕەی لەسەر داواکاریی دواخستنی یارییەکە دروستبوو.
بەپێی رێنوێنییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کەنداو، بەهۆی ئامادەنەبوونی تیپی بەرامبەر لە کات و شوێنی دیاریکراو لەنێو یاریگادا، ئەنجامی یارییەکە بە 3-0 لە بەرژەوەندی یانەی هەولێر یەکلایی دەکرێتەوە و سێ خاڵی گرنگ بە یانە کوردستانییەکە دەبەخشرێت.
یانەی هەولێر کە لە یەکەم یارییدا لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر عەجمانی ئیماراتی یاریی کردبوو، بەم بردنەوەیە پێگەی خۆی لە کۆمەڵەی سێیەمی خولەکەدا بەهێز دەکات بەر لەوەی لە گەڕی سێیەمدا لەسەر یاریگای فرانسۆ هەریری میوانداری یانەی کازمی کوێتی بکات.




