رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا لە هەنگاونان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکارێک، لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا بەردەوامە، میدیاکان دەڵێن، بارسا بیر لە چەند ئامانجێک دەکاتەوە، بەڵام بەرگریکارێکی بەرازیلیی لە لالیگا، لە هەمووان پەسندترە.
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنای پێشەنگی لالیگا، نەیشاردەوە یانەکەی هەوڵدەدات گرێبەست لەگەڵ بەرگریکارێک بکات، ئەوەشی ئاشکراکردووە کە بەرپرسانی یانەکە بیر لە چەند بژاردەیەک دەکەنەوە.
فلیک بەر لە رووبەڕووبوونەوەی ئەمشەو بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس، دووپاتیکردەوە کە لەگەڵ دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی و بۆیانی یاریدەدەری، باسیان لە بژاردەکانی هێنانی بەرگریکارێک کردووە و هەوڵی بۆ دەدەن.
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی نزیک لە بارسێلۆنا دەڵێ، لیستی بژاردەکانی بەردەوام فلیک و دیکۆ، چوار بەرگریکاری سەرەکی لە خۆ دەگرێت، کە بریتین لە یوشکۆ گڤاردیۆلی یاریزانی مانچێستەر سیتی، ئەلیساندرۆ باستۆنی یاریزانی ئینتەر، لیساندرۆ مارتینێزی بەرگریکاری مانچێستەر یونایتد و ناتانی بەرگریکاری بەرازیلیی یانەی ریال بێتیس.
رۆژنامەکە دەڵێ، بەدەستهێنانی گڤاردیۆل قورسە، چونکە تاوەکو 2031 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی هەیە، باستۆنیش بەرگریکارە دڵخوازەکەی هانزی فلیک نییە. هەروەها مارتینێز، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی مانچێستەر یونایتدەوە، گومان لەسەر تواناکانی هەیە، هەر بۆیە ناتان، دڵخوازترینی فلیک و دیکۆیە.
ئەو رۆژنامەیە دەڵێ، دڵخوازیی ناتان بەشێکی پەیوەندی بەشارەزایی ئەو بەرگریکارە لە خولی ئیسپانیا هەیە هەروەها ئاستی لەگەڵ ریال بێتیس و کەمیی تێچووی گواستنەوەکەی.
وەک رۆژنامەکە دەڵێ، بارسا هەروەها بۆ دوورمەودا، بیر لە چەند بەرگریکارێکی لاو دەکاتەوە، وەک فین یلیچی بەرگریکاری شتوتگارت و لوکیپا کاستێلۆی بەرگریکاری لایپزیگ.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتە روو، کە گرێبەستکردن لەگەڵ هەر بەرگریکارێک لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا، پەیوەندی بە بەردەستبوونی پارە لە یانەکە هەیە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەگەری رۆیشتنی باڵدێ لە یانەکە، کە دەکرێ بڕێک پارە بخاتە بەردەستی کارگێڕیی یانەکە.



