رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا بە باشترین شێوە گەڕایەوە سەر رێڕەوی سەركەوتنەكان، دوای ئەوەی سەركەوتنێكی گەورەی بە ئەنجامی 6-1 بەسەر یانەی دیپۆرتڤۆ ئالاڤێس بەدەستهێنا، لەو یارییەی شەوی شەممە لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەكانی گەڕی 11ی خولی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.
یانە کەتەلۆنییەکە بە راهێنەرایەتی هانزی فلیکی ئەڵمانی نمایشێکی هێرشبەری بەهێزی پێشكەش كرد، بۆ ئەوەی ئاشتەوایی لەگەڵ هاندەرانیدا بکاتەوە دوای ئەوەی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر پاریس سانجێرمان و دواتریش لە یاریی كلاسیكۆی لالیگا بەرامبەر ریال مەدرید دووچاری شكست ببوو.
بەم سەركەوتنە، کۆی خاڵەکانی گەیشتە 30 خاڵ و جارێكی دیكە گەڕایەوە سەکۆی پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیا، بە جیاوازی 2 خاڵ لە پێش ئاتلێتیکۆ مەدریدی دووەمەوە.
رافینیای بەرازیلی خۆی وەک ئەستێرەی یەکەمی یارییەکە سەلماند، دوای ئەوەی دوو گۆڵی لە خولەکەکانی 8 و 41 تۆمارکرد، تاوەکو لەسەر درێژەدان بە ئاستە بەرزەکەی لەم وەرزەدا بەردەوام بێت.
لە لایەکی دیکەوە، لامین یامالی ئەستێرەی لاوی ئیسپانی درەوشایەوە و ئەویش دوو گۆڵی لە خولەکەکانی 23 و 64دا تۆمارکرد، لە کاتێکدا فێرمین لۆپێز لە خولەکی 23 گۆڵێکی تۆمارکرد و ئەنتۆنی گۆردۆن لە خولەکی 81 گۆڵی شەشەمی بۆ بارسا کرد.
لە بەرامبەردا، ماریانۆ دیاز لە خولەکی 84 تاکە گۆڵەکەی ئالاڤێسی تۆمارکرد، تاوەکو یارییەکە بە سەرکەوتنی بەهێزی کەتەلۆنییەکان بە ئەنجامی 6-1 کۆتایی بێت.
ئەم سەركەوتنە پاڵنەرێکی بەهێزی بەخشیە بارسێلۆنا لە ململانێی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا، دوای ئەوەی کۆی خاڵەکانی گەیاندە 30 خاڵ و شوێنی یەکەمی خولەکەی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید وەرگرتەوە بە جیاوازی 2 خاڵ.




