رووداو دیجیتاڵ
یونس مەحموود، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ئاشکرایکردووە فیدراسیۆنەکە بەدەست کێشەیەکی گەورەی داراییەوە دەناڵێنێت، دووپاتیکردووەتەوە کە مووچەی راهێنەرانی هەڵبژاردەی عێراق، قورساییەکی زۆری خستووەتە سەریان.
یونس نزیکەی شەش مانگ لەمەوپێش، بەسەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەڵبژێردرا. لە دوای دەستبەکاربوونیەوە، گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری هەڵبژاردەکە، رایگەیاند کە زەحمەتە پاش زیاتر لە شەش مانگ، لە مەشقدانی عێراق بەردەوام بێت.
یونس باسی لە قورسایی دارایی دۆسێی راهێنەری هەڵبژاردەکە کردووە و دەڵێ، "فیدراسیۆن مووچەی مانگانەی راهێنەرەکان دەدات کە زیاتر لە 400 ملیۆن دیناری مانگانەیە، لە نێویاندا راهێنەرانی هەڵبژاردە جیاوازەکان و یاریدەدەرەکانیان".
ئەو دەڵێ مووچەی گراهام ئارنۆڵد بەتەنیا 140 تاوەکو 150 ملیۆن دیناری مانگانەیە، لە کاتێکدا کۆی مووچەی خۆی و یاریدەدەرەکانی دەگاتە 200 ملیۆن دینار.
ئەو هەروەها دەڵێ، ئەوان تەنیا پارەی دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەی یەکەم نادەن، بەڵکو هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی و هەڵبژاردە تەمەن جیاوازەکانیش دەدەن و هەمووی پێکەوە نزیکەی 400 ملیۆن دینار دەکات.
مەحموود گوتوویەتی کە پێشتر ئەنجوومەنی وەزیران، ساڵانە 5 ملیار دیناری داوەتە فیدراسیۆنەکە، بەڵام ماوەیەکە ئەو پارەیەیان بەدەستناگات.
یاریزانەکەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق زیاتر دەڵێ، ئێمە دەبێ مانگانە 650 ملیۆن دینارمان بەدەست بگات بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییەکان، بەڵام تەنیا 201 ملیۆنمان بەدەستدەگات و بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەمییە، بودجەی دانراوی فیدراسیۆنەکە دەدەینە مووچە و ئەوەش تووشی کورتهێنانی کردووین.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی، پەنای بردووەتە بەر هەڵوەشاندنەوەی کەمپی مەشقی هەڵبژاردە جیاوازەکان لە دەرەوەی وڵاتەکە.
بەوەش هەڵبژاردەکان تەنیا لە نێو عێراقدا ئامادەسازییەکانیان بۆ یارییەکانی داهاتوو ئەنجامدەدەن.




