وردەکاریی دەنگدانی خەڵاتی باڵۆندۆری 2026 لەلایەن رێکخەرانی خەڵاتەکەوە ئاشکراکرا، کە تێیدا دەرکەوت هاری کەین تەنیا بە جیاوازیی 28 خاڵ پێش کیلیان ئێمباپێ کەوتووە و بووەتە براوە، هاوکات چەندین دەنگی سەیر، هەڵوێستی پێشبینینەکراو و فەرامۆشکردنی ئەستێرە دیارەکان لە دەنگدانی وڵاتاندا تۆمارکراون.
بەپێی ئەو داتایانەی بڵاوکراونەتەوە، کێبڕکێی باڵۆندۆری ئەمساڵ کەمترین جیاوازیی خاڵی لە دوای ساڵی 2019ـەوە بەخۆیەوە بینی، کاتێک لیۆنێل مێسی تەنیا بە 7 خاڵ لە پێش ڤێرجیل ڤاندایک کەوت. هەرچەندە کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری ریال مەدرید لەنێو پێنج یەکەمی لیستی 90 رۆژنامەڤاندا ناوی هەبوو لە بەرامبەر 80 دەنگ بۆ هاری کەین، بەڵام دەنگەکانی پلەی یەکەم هاوکێشەکەی لە بەرژەوەندی ئەستێرەکەی بایرن میونشن یەکلایی کردەوە، بەجۆرێک کەین 40 دەنگی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا لە بەرامبەر 23 دەنگی پلەی یەکەم بۆ ئێمباپێ. پرۆسەی دەنگدانەکە لەلایەن 100 رۆژنامەڤانی 100 وڵاتی پێشەنگی ریزبەندیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) ئەنجامدرا، بە پێدانی 15 خاڵ بۆ پلەی یەکەم تاوەکو یەک خاڵ بۆ پلەی دەیەم.
لەنێو سێ بەربژێرە سەرەکییەکەدا (کەین، ئێمباپێ، و لامين یامال)، چەند وڵاتێک بە تەواوی ناوی ئەوانیان لە دە یاریزانە هەڵبژێردراوەکەیاندا سڕییەوە؛ هەردوو وڵاتی مەکسیک و کۆت دیڤوار بە هیچ شێوەیەک دەنگیان بە هاری کەین نەدا، کە پێدەچێت بڕیارەکەی مەکسیک کاردانەوەی دۆڕانەکەی بەرامبەر ئینگلتەرا بووبێت بە ئەنجامی 2-3 لە مۆندیال لەسەر یاریگای ئازتیکا، چونکە نوێنەری مەکسیک ناوی جود بێلینگهام و دیکلان رایسیشی پشتگوێ خستبوو. کیلیان ئێمباپێش هیچ دەنگێکی لەلایەن نوێنەرانی یۆنان، ئۆکراینا و سکۆتلەنداوە پێ نەدرا، لە کاتێکدا لامين یامالی ئەستێرەی بارسێلۆنا لەلایەن بێلاڕووس، کامیرۆن، کرواتیا و یۆنانەوە هیچ دەنگێکی بۆ دانەنرا.
هاری کەین زۆربەی دەنگەکانی پلەی یەکەمی لە وڵاتە گەورەکانی ئەورووپاوە پێ نەبەخشرا؛ لەنێو 20 وڵاتی یەکەمی ریزبەندیی فیفادا، تەنیا ئینگلتەرا، بەلجیکا و نەرویج کەینیان لە پلەی یەکەم دانا. لە بەرامبەردا ئیسپانیا، فەرەنسا، پۆرتوگال، هۆڵەندا، سویسرا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا دەنگی یەکەمیان بە ئێمباپێ یان یامال بەخشی، کرواتیاش دەنگی خۆی دایە رۆدری. لە هەمان کاتدا چوار وڵات دەنگی یەکەمیان بە ئەستێرەی وڵاتەکەی خۆیان بەخشی: ئینگلتەرا دەنگی بە کەین دا، ئەرجەنتین لیۆنێل مێسی هەڵبژارد، جۆرجیا دەنگی بە خڤیچا کڤاراتسخێلیا دا و مەغریبیش ئەشرەف حەکیمی لە پێشەنگ دانا. ئەڵمانیا تەواو بێلایەنانە رەفتاری کرد و کەینی لە پلەی سێیەم و مایکل ئۆلیسێی لە پلەی هەشتەم دانا سەرەڕای بردنەوەی دووانەی نازناوی ناوخۆیی لەگەڵ بایرن. هەروەها رکابەرییە مێژووییەکانیش وەلاخران؛ سکۆتلەندا دەنگی بە کەین دا، پۆرتوگال دەنگی بە یامال دا و بەرازیلیش دەنگی یەکەمی بە مێسی بەخشی.
لە تەواوی جیهاندا تەنیا نۆ یاریزان توانییان دەنگی پلەی یەکەم مسۆگەر بکەن؛ فابیان رویز بەهۆی بردنەوەی مۆندیال لەگەڵ ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگ لەگەڵ پاریس سانجێرمان، هەرچەندە لە ریزبەندیی گشتیدا لە پلەی دەیەم هات، بەڵام لە چوار وڵاتەوە (سووریا، گابۆن، ئۆکراینا و پێرۆ) پلەی یەکەمی وەرگرت. لە بەرامبەردا برۆنۆ فێرناندێزی کاپتنی مانچێستەر یونایتد سەرەڕای تۆمارکردنی 21 ئاسیست و شکاندنی ریکۆردی مێژوویی پرێمەرلیگ، تەنیا سێ دەنگی لە گانا، نەرویج و نێجیریا پێبەخشرا.
سەیرترین لیستی دەنگدان هی نوێنەری یۆنان بوو کە تەنیا چوار یاریزانی لە دە یاریزانە سەرەکییەکەی کۆتایی لە لیستەکەیدا دانابوو. لیستی یۆنان بەمشێوەیە بوو: 1. کڤاراتسخێلیا، 2. رۆدری، 3. ویلیان پاچۆ، 4. مارک کوکۆرێیا، 5. جواو نێڤێس، 6. مایکل ئۆلیسێ، 7. هاری کەین، 8. گابریێل ماگالایس، 9. مارکینیۆس، 10. دیکلان رایس. هاوکات سکۆتلەندا تاکە وڵات بوو دەنگی بە دایۆ ئۆپامێکانۆ دا و لە پلەی شەشەم داینا، وڵاتی کوراساویش بە تەنیا ئۆلیسێی خستە پلەی یەکەم و ویلیام سالیبای بەرگریکاری ئارسیناڵیشی لە پلەی نۆیەم دەستنیشان کرد. چوار وڵاتیش کە بریتی بوون لە فەرەنسا، کەنەدا، سعودیە و وێڵز دەنگەکانیان بە تەواوی لەگەڵ دە یاریزانە سەرەکییەکەی کۆتایی یەکیگرتەوە.




