رووداو دیجیتاڵ
وێڕای تۆمارکردنی دوو گۆڵ لە یاریی کلاسیکۆدا بەرامبەر بارسێلۆنا، بەڵام لە چین کەس ناتوانێ ببینێت ئەوەی گۆڵەکەی کردووە کێ بووە و چۆن تۆماریکردووە.
لە کلاسیکۆی یەکەمی ئەمساڵدا، کیلیان ئێمباپێ دوو گۆڵی ریال مەدریدی لە یارییەکەدا تۆمارکرد و یارییەکەش بەسەرکەوتنی ریال، بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک کۆتایی هات.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، وەک بەشێک لە سزای چینییەکان بەسەر کیلیان ئێمباپێدا لە سۆشیال میدیای ئەو وڵاتە و ئەو ئەپڵیکەشنانەی مافی گواستنەوەی یارییەکانی لالیگایان هەیە، کەس لەو وڵاتەدا ناتوانێت بزانێت کێ گۆڵەکانی ریال مەدریدی تۆمارکردووە و چۆن تۆمارکراون.
چینییەکان لە کیلیان ئێمباپێ تووڕەن، پاشئەوەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، ئەو یاریزانە ماو تسی تۆنگی، سەرۆکی پێشووتری ئەو وڵاتەی، بە دیکتاتۆر ناوبرد.
حکومەتی چین، پەرچەکرداری تووندی بەرامبەر لێدوانەکانی ئێمباپێ پێشاندا، چەندین کۆمپانیای ئەو وڵاتە، کە گرێبەستی رێکلامیان لەگەڵ ئەستێرە فەرەنسییەکە هەبوو، گرێبەستەکانیان هەڵوەشاندەوە و ئەو کۆمپانیایانەشی، مافی گواستنەوەی یارییەکانی لالیگایان لە وڵاتەکەدا هەیە، گواستنەوەی یارییەکانی ریال مەدریدیان راگرت.
ئاژانسی دەنگوباسی ئیسپانیا 'ئیفی' ئاشکرایکردووە، حکومەتی چین، وێڕای داوای لێبوردنی کیلیان و یانەی ریال مەدرید و بەرپرسانی لالیگا لە لێدوانەکان، بەڵام هەر سوورن لەسەر بایکۆتکردن و شاردنەوەی ئەو یاریزانە لەو ڤیدیۆیانەدا، کە لە وڵاتەکە بڵاودەبنەوە.
بەپێی ئەو ئاژانسە، ئەپڵیکەیشنی 'میگۆ' کە مافی گواستنەوەی دیجیتاڵیی یارییەکانی لالیگای هەیە، یاریی دوێنێ شەوی نێوان راسینگ سانتاندێر و ریال مەدریدی نەگواستووەتەوە، هەروەها پوختەی سەرجەم یارییەکانی پێشووی ریال مەدریدی سڕیوەتەوە.
ئەو ئاژانسە دەڵێ، جیا لەوەش، ئەپڵیکەیشنەکە، هەردوو گۆڵەکەی کیلیان ئێمباپێی لە یاریی کلاسیکۆدا ونکردووە و کەس نازانێت کێ ئەو گۆڵانەی تۆمارکردووە.
ئاژانسەکە زیاتر روونیکردووەتەوە، میگۆ کە مافی گواستنەوەی دیجیتاڵیی یارییەکانی لالیگای تاوەکو 2030 هەیە، تاوەکو ئێستا بێدەنگە و روونکردنەوەی نەداوە لەسەرئەوەی بۆچی ئەو کارەی کردووە، بەڵام روونە کە ئەوە بەشێکە لە پەرچەکردار و سزای چینییەکان بەرامبەر ئێمباپێ و ریال مەدرید.




