رووداو دیجیتاڵ
کەمن ئەو کەسایەتییانەی لە جیهاندا هەن کە بەقەد پاپای ڤاتیکان کاریگەریی ئایینی، کۆمەڵایەتییان هەبێت، کەسایەتییەک کە رێبەرایەتیی رۆحیی نزیکەی 2.5 ملیار مەسیحی لە سەرانسەری جیهاندا دەکات.
پاپا لیۆی 14ـەم، کە یەکەم پاپای ئەمریکییە لە مێژووی کەنیسەی کاتۆلیکدا، جگە لە بەرپرسیارێتییە ئایینی و مرۆڤایەتییەکانی، پەیوەندییەکی زۆر بەهێز و تایبەتی لەگەڵ جیهانی وەرزشدا هەیە. خولیاکانی پاپا تەنیا لە حەزێکی کەسیدا کورت نابنەوە، بەڵکو پەیامە مرۆڤی و بەها بەرزەکانی لە رێگەی وەرزشەوە ئاڕاستەی هاندەران و تەواوی جیهان دەکات.
تێنس.. نزیکترین وەرزش لە دڵی پاپا
پاپا لیۆی 14ـەم بە خولیایەکی زۆرەوە باس لە یاریی تێنس دەکات. لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێش ئەوەی ببێتە پاپا، خۆی بە یاریزانێکی باش زانیوە و بەردەوام یاریی کردووە. لە ساڵی 2023دا رایگەیاندبوو"لەو کاتەوەی پێرۆم جێهێشتووە، کەمتر دەرفەتی یاری کردنم هەبووە، بەڵام هیوادارم بگەڕێمەوە سەر یاریگاکان".
جۆزێف فارێل لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رویستەرز ئاشکرای کرد کە پاپا لانی کەم هەفتەی جارێک یاریی تێنسی کردووە، هەروەها پاپا خۆشی جەختی لەوە کردووەتەوە کە تێنس هاوکاریی دەکات بۆ حەسانەوە و دوورکەوتنەوە لە گوشاری کارەکان.
تۆپى باسکە.. لە زانکۆی فیلانۆڤاوە بۆ دڵی ڤاتیکان
یاریی تۆپی باسکە شوێنێکی تایبەتی لە ژیانی پاپادا هەیە، ئەمەش بەهۆی پەیوەندییە مێژووییەکەی بە زانکۆی فیلانۆڤا، کە لە ساڵی 1977 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی بیرکاری لێ بەدەستهێناوە.
لە کۆتایی مانگی مانگی 11ـی 2026، پاپا لیۆ لە ڤاتیکان پێشوازی لە تیپەکانی تۆپی سەبەتەی هەردوو زانکۆی فیلانۆڤا و نۆتردام کرد. لە رێوڕەسمێکدا کە نزیکەی 7 هەزار کەس ئامادەی بوون، پاپا بە شێوەیەکی خۆشەویستانە پشتیوانیی خۆی بۆ زانکۆ کۆنەکەی دووپاتکردەوە و بە زەردەخەنەوە ئاماژەی بەوە کرد کە 90٪ی ئامادەبووان هاندەری فیلانۆڤان.
بەیسبۆڵ.. هاندەری شیکاگۆ وایت سۆکس
خولیا وەرزشییەکانی پاپا تەنیا لە تێنس و باسکە نەوەستاون، بەڵکو ئەو هاندەرێکی سەرسەختی یانەی شیکاگۆ وایت سۆکسە لە خولی بەیسبۆڵی ئەمریکی. ئەم هەڵبژاردنەش دەگەڕێتەوە بۆ رەگەز و رەگوڕیشەی ئەمریکیی خۆی، چونکە لە باشووری شاری شیکاگۆ لەدایکبووە، کە بنکەی سەرەکیی ئەو یانەیەیە.
تۆپی پێ.. پشتیوانیکردنی ئەمریکا، ریال مەدرید و رۆما
لە یاریی تۆپی پێدا، پاپا ئاشکرای کردووە کە لە گەنجیدا وەک دڵی بەرگری یاریی کردووە، بەڵام بە پێکەنینەوە دەڵێت "لە گۆڵتۆمارکردندا هیچ باش نەبووم."
سەبارەت بە هەڵبژاردەکان، پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2026، پاپا لیۆ لە نێو فڕۆکە رایگەیاند "بێگومان پشتیوانی لە هەڵبژاردەی ئەمریکا دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".
لەسەر ئاستی یانەکانیش، پاپا لیۆ راشکاوانە ئاماژەی بەوە کردووە کە ریال مەدریدی بەسەر بارسێلۆنادا هەڵبژاردووە. کاتێک رۆژنامەنوسێک پرسیاری لێکرد کە هاندەری کەدام یانەیە، پاپا وەڵامی دایەوە "پاپا هاندەری تەواوی تیپەکانە، بەڵام بە تایبەت هاندەری ریال مەدریدم"
جگە لە ریال مەدرید، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پاپا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ یانەی رۆمای ئیتاڵیشدا هەیە، یانەی رۆماش لە هەژماری فەرمیی خۆی پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنی وەک پاپای نوێ کردبوو.
وەرزش لە دیدی پاپادا
لە دەرەوەی ئارەزووە کەسییەکانی، پاپا لیۆی 14ـەم وەرزش وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی مرۆڤ و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەکان دەبینێت. ئەو وەرزشی بە قوتابخانەی برایەتی ناوبردووە و داوا لە وەرزشڤانان و هاندەران دەکات کە ململانێکان نەکەنە هۆی تووندوتیژی.
لە پەیامێکیدا بەر لە مۆندیالی 2026 جەختی کردەوە ژیان وەک تۆپی پێ وایە، دەبێت وەک یەک تیپ یاریی بکەین؛ ژیان پێشبڕکێیەکی تاکی نییە و نابێت لە گۆشەگیریدا بژین.
هەروەها هۆشداریشی دا لە دروشمی بردنەوە بە هەر نرخێک بێت، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم عەقڵییەتە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی دیاردە خراپەکانی وەک بەکارهێنانی ماددە قەدەخەکراوەکان و تێکدانی ئەنجامی یارییەکان.




