رووداو دیجیتاڵ
لە پێشهاتێکی نوێدا سەبارەت بەو قەیرانەی لەنێوان چین و کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسیدا روویداوە، یانەی ریال مەدرید بەفەرمی داوای لێبووردن لە چین و چینییەکان دەکات.
ئایا قەیرانەکە کۆتایی دێت؟
یانەی ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا داوای لێبووردنی کرد سەبارەت بە لێدوانە مشتومڕاوییەکەی ئەستێرە فەرەنسییەکەی کیلیان ئێمباپێ، کە گوتبووی ماو تسی تۆنگی سەرۆکی پێشووی چین دیکتاتۆرە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەو یاریزانە پێشتر داوای لێبووردنی لە گەلی چین کردبوو، لە هەوڵێکدا بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانێک کە کاریگەرییەکانی بۆ سپۆنسەری بازرگانی و پەخشکردنی یارییەکانی لالیگا درێژبووەتەوە.
ئەم هەنگاوەی یانەی شاهانە دوای داوای لێبووردنی فەرمی ئێمباپێ دێت، کە قەیرانەکە لە لێدوانێکیدا لەسەر وێنەیەکی تەنزئامێز کە بەراوردی کردووە بە ماو تسی تۆنگ، سەرۆکی پێشووی چین دروست بوو. هەروەها خاڤیێر تێباسی سەرۆکی خولی ئیسپانیاش بەناوی خولەکەوە داوای لێبووردنی کرد. ئەمەش لەکاتێکدایە کە گوشارەکان لەسەر تۆپی پێی ئیسپانیا زیاد دەبن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاندەران و هاوبەشەکانی لە چین.
بڵاوکراوەی ریال مەدرید
ریال مەدرید داوای لێبووردن لە گەلی چین دەکات بۆ هەر سووکایەتییەک، کە لەوانەیە بەهۆی لێدوانەکانی ئەم دواییەی یاریزانەکەمان کیلیان ئێمباپێ بووبێت.
یانەکەمان ئەوپەڕی رێزی بۆ چین، مێژوو، کولتوور و خەڵکەکەی هەیە، هەروەها بۆ ملیۆنان هاندەری چینی، کە سۆز و سەرسامییەکی زۆریان بۆ ریال مەدرید هەیە.
یانەکەمان دەچێتە پاڵ کیلیان ئێمباپێ، کە بەئاشکرا داوای لێبووردنی کرد و یاریزانەکە خۆی پەشیمانیی خۆی بۆ لێدوانەکانی دەربڕی و رێزی خۆی بۆ گەلی چین دووپاتکردەوە.
ریال مەدرید پابەندبوونی خۆی بە بەهاکانی رێزگرتن و پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتنی نێوان کولتوورەکان دووپاتدەکاتەوە، هەروەها خواستی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و نیازپاکی دەردەبڕێت، کە لەگەڵ چین و گەلەکەیدا یەکدەخات.
ئێمباپێ داوای لێبووردن لە گەلی چین دەکات
ئێمباپێ بڵاوکراوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و دانی بەوەدانا کە لێدوانەکەی لەسەر وێنە تەنزئامێزەکە نەگونجاو بووە، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەداخەوە قسەکانی هەستی زۆر لە چینی و رەوەندی چینی لە سەرانسەری جیهاندا ئازاری داوە.
ئەستێرەی ریال مەدرید گوتی "لەمیانەی هەڤپەیڤینێکی ئەم دواییەدا کۆمێنتێکم له سەر وێنەیەکی خۆم کرد، بەڵام کۆمێنتەکەم نەشیاو بوو، ئێستاش بۆم دەرکەوت که هەست و سۆزی زۆر له چینی و رەوەندی چینی له سەرتاسەری جیهان ئازار داوه.
ئاماژەی بەوەشکردووە، داوای لێبووردن لەهەر کەسێک دەکەم کە بە قسەکانی من تووڕە بووبێت؛ ئەوە هەرگیز مەبەستم نەبووە، رێزێکی زۆرم بۆ گەلی چین و مێژووەکەیان هەیە، و پەشیمانییەکی دڵسۆزانە دەردەبڕم.
قەیرانێک پەیوەندییەکانی تۆپی پێی ئیسپانیا لەگەڵ چین دەخاتە مەترسییەوە
قەیرانەکە دوای ئەوە پەرەیسەند کە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوەکرد کە دەستەی تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی چین، سی سی تی ڤی، پەخشی یارییەکانی خولی ئیسپانیای راگرتووە، لەنێویاندا ئەو یارییانەی کە ئێمباپێی تێدایە، هەروەها ئەو ریکلام و ڤیدیۆیانەی کە ئەو یاریزانەیان تێدابوو لابردووە.
جگە لەوەش چەندین کۆمپانیای چینی کۆتاییهێنان بە هاوبەشییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەستێرە فەرەنسییەکە راگەیاند، لەوانە خواردنەوەکانی دۆنگپینگ و بەرهەمە شیرەمەنییەکانی مێنگنیو و پەنیری میلکگروند، ئەمەش دوای ئەو مشتومڕەی کە بەهۆی لێدوانەکانییەوە سەبارەت بە وێنە تەنزئامێزەکە سەریهەڵدا.
کاردانەوەکانی بۆ پلاتفۆرمی وەرزشیی چینی دۆنگکیو دی درێژبووەوە، کە ناوی ئێمباپێی لە ریزبەندیی باڵۆندۆری 2026ـذا گۆڕی بە دەستەواژەیەک بە واتای 'ئەم کەسە بوونی نییە'، دوای ئەوەی یاریزانە فەرەنسییەکە لە دوای هاری کەینی ئینگلتەرا پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
لای خۆیەوە خاڤیێر تێباس بەناوی لالیگا داوای لێبووردنی لە گەلی چین کرد و جەختی لەوە کردەوە کە خولەکە لەگەڵ هاوبەش و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کاردەکات بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی پاراستنی ئەو پەیوەندیانە کردەوە کە تۆپی پێی ئیسپانیا لەماوەی ساڵانی رابردوودا لەگەڵ چین دروستی کردووە.




