رووداو دیجیتاڵ
ژمارە و داتاکان ئاشکرایانکردووە، ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ئاستی زۆر دابەزیوە، ئەوەش دووپاتیدەکاتەوە ئەو یاریزانە، هێشتا لەژێر کاریگەریی لەدەستدانی خەڵاتی باڵۆندۆر، نەهاتووەتە دەرەوە.
رۆژی 28ی مانگی دەی ساڵی 2024، تاوەکو پاشنیوەڕۆیەکی درەنگی ئەو رۆژە، هەموو شتێک بەئاراستەی ئەوەبوو کە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر ئێوارەی هەمان رۆژ، لە پاریس یەکەم باڵۆندۆر لە کاروانی خۆیدا بەدەست دەهێنێت، بەڵام لەناکاو هەموو شت گۆڕا، ڤینی نەچووە ئاهەنگی خەڵاتەکە و ریال مەدرید ئاهەنگەکەی بایکۆتکرد و لە کۆتایی شەوەکەشدا دەرکەوت، ئەوەی خەڵاتەکەی بردووەتەوە، رۆدری یاریزانی مانچێستەر سیتی بووە.
بەدەستهێنانی خەڵاتەکە لەلایەن رۆدرییەوە، شۆکێکی گەورەبوو بۆ جیهان، ریال مەدرید و ڤینی. هەمووان هەستیان بەناهەقی کرد، هەربۆیە ڤینیسیۆس لە پەیامێکی خێرادا لە سۆشیال میدیای خۆی نووسی، "10 جاری دیکەش دووبارەی دەکەمەوە ئەگەر پێویست بکات، ئەوان ئامادەنین بۆ ئەوە".
ڤینی هەروەها بەڵێنی بەخۆی و هاندەرانی ریال مەدریددا، کە هەوڵەکانی سەد هێندە بکات، لەپێناو هاوکاریکردنی تیپەکەی بۆ بەدەستهێنانی نازناوی دیکە، بەڵام کاروانەکەی ئەو، ئاراستەیەکی تەواو پێچەوانەی گرتە بەر.
رۆژنامەی مارکا دەڵێ، پێداچوونەوە بەژمارەکانی ئەو یایزانە لەو رۆژەوەی باڵۆندۆرەکەی لەدەستداوە، دەریناخات ڤینی هیچ ئاڵنگارییەکی بردبێتەوە، بەپێچەوانەوە دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو یاریزانە، لە بێئومێدییەکی گەورەدا دەژی و رووداوەکە، کاریگەریی لەسەر زۆر لایەنی جیاوازی ئەو، بەجێهێشتووە.
کەمبوونەوەی گۆڵەکان
لەماوەی درەوشانەوەی ڤینی لە 2023 - 2024 و سەرەتای وەرزی 2024 - 2025، تاوەکو رۆژی 28ی مانگی دەی 2024، رێژەی گۆڵ تۆمارکردنی ڤینی گەیشتە 0.67 گۆڵ لە هەر نەوەت خولەکی یاریدا لە لالیگا و 0.80 گۆڵ لە یارییەکی چامپیۆنزلیگ.
بەڵام ئەو ژمارانە بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەیان کرد، بەتایبەت لە وەرزی ئەمساڵ 2026 - 2027 کە رێژەی گۆڵکردنی بۆ 0.15 بۆ هەر 90 خولەک دابەزیوە لە لالیگا و لە چامپیۆنزلیگیش هیچ گۆڵێکی تۆمارنەکردووە.
ئەو ژمارانە، قەبارەی پاشەکشەی کاریگەریی هێرشبەریی ئەستێرە بەرازیلییەکە دووپاتدەکاتەوە، پاشئەوەی پێشتر بۆ تۆمارکردنی هەر گۆڵێک، پێویستی بە 125 خولەک یارییکردن لە خول و 585 خولەک یارییکردن لە چامپیۆنزلیگ هەبوو.
بەشدارییەکانی ڤینی هەر لە گۆڵ تۆمارکردندا پاشەکشەی نەکردووە، بەڵکو ئەو لە بەشداریکردنی گۆڵیشدا لە 1.04 بەشداریی گۆڵ لە هەر نەوەت خولەکی لالیگا، تواناکەی بۆ 0.62 بەشداریی گۆڵ لە هەر یارییەکی لالیگا دابەزیوە و لە چامپیۆنزلیگیش، بەشداریی گۆڵی سفرە.
داڕووخانی هێواش
ئاماژەکانی پاشەکشەی ڤینیسیۆس، هێواش هێواش دەرکەوتن، ئەوەش پاش چەند مانگێک لە لەدەستدانی باڵۆندۆر. لەگەڵ کۆتایی هاتنی وەرزی 2024 - 2025، رێژەی گۆڵکردنی لە لالیگا لە 0.67 لەسەد بۆ 0.36 لەسەد بۆ هەر نەوەت خولەک، دابەزی، لە چامپیۆنزلیگ دابەزینەکە لە 0.80 بۆ 0.56 دابەزی.
پاشەکشەکە پەڕییەوە بۆ لێهاتووییە تاکەکەسییەکانی ئەو یاریزانە. ناوەندی هەوڵەکانی بڕینی یاریزانان لە 8.33 بۆ 5.75 لە هەر نەوەت خولەکدا دابەزی، لە کاتێکدا بڕینە سەرکەوتووەکانی لە 3.69 کەمبوونەوە بۆ 1.82.
ئەگەرچی ڤینی لەسەرەتای وەرزی 2025 - 2026 جۆرێک لە بووژانەوەی لە رووی هەموو داتاکانەوە تۆمارکرد، گۆڵ و ئەسیستی هەبوو، تەنانەت رێژەی لەدەستدانی تۆپیشی بۆ 16.28 لە یارییەکدا دابەزی، بەڵام ئەو ژمارانە لە چامپیۆنزلیگ هیچی وایان لێنەگۆڕا.
بەپێی ژمارەکان، لەو ماوەیەدا، (xG) واتا هەلی گۆڵکردنی بۆ 0.62 لەسەد بەرزبووەوە، هەروەها ناوەندی هەلە گەورەکانی کە بەدەستی دەهێنێت بۆ 1.15 لە 90 خولەکی یاریدا بەرزبوونەوە، بەڵام ئەوە رەنگدانەوەی لەسەر گۆڵکردنی ئەو نەبوو، چونکە رێژەی گۆڵی لە یارییەکدا بە 0.38 مایەوە، لە کاتێکدا 0.92 هەلە گەورەکانی لەدەستدا و ئەوەش خراپترین ژمارەکانی ئەو بوو.
ژمارەکان، کارەساتەکە دووپاتدەکەنەوە
لەگەڵ دەستپێکی وەرزی 2026 - 2027، ئاماژەکانی پاشەکشێ لەو یاریزانەدا زیاتر دەرکەوتن، چونکە کارەکە تەنیا لە کەمبوونەوەی هەلی گۆڵکردن بۆ 0.15 لە یارییەکدا دانەبەزین بەتەنیا، بەڵکو رێژەی لێدانەکانیشی لە یارییەکدا بۆ 38.9 لەسەد، دابەزین.
هەروەها ناوەندی بڕینە سەرکەوتووەکانی لە 2.15 لە یارییەکدا دابەزین.
هەرچی چامپیۆنزلیگە، نزیکەی هەموو ژمارەکانی ڤینی لە سفر نزیکبوونەتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە لە یارییەکدا، 2.08 بڕینی سەرکەوتووی هەبووە.
لە رکابەرەوە بۆ حەڤدەیەمین
پاشەکشەی ڤینیسیۆس تەنیا لە ئاستی ئەو لە نێو یاریگادا نەبوو، بەڵکو درێژبووەوە بۆ ئامادەبوونیشی لە پێشبڕکێی باڵۆندۆر. ئەو لە کاتێکدا ساڵی 2024 دووەمی خەڵاتەکە بوو، ساڵی دواتر بۆ پلەی شانزە دابەزی و ئەمساڵیش لە پلەی 17 بوو.
وێڕای پاشەکشە و نەمانی کاریگەری لە یاریگادا، ریال مەدرید هاوینی رابردوو گرێبەستی ئەو یاریزانەی تاوەکو 2032 نوێکردەوە.
رۆژنامەی 'مارکا' دەڵێ، ریال مەدرید پێیوابووە لە دۆسێی ڤینیدا پێویستی بە وریایی زیاتر و مامەڵەی وردتر لەگەڵ ئەو یاریزانە هەیە، بەرلەوەی هەر بڕیارێکی دیکە بدات.
رۆژنامەکە دەڵێ، "بڕیارەکە تێکەڵەیەک بوو لە متمانەی رەها بەتواناکانی ئەو یاریزانە و قەرزاری بەرامبەر بەوەی پێشتر بۆ یانەکەی کردووە".
ئێستا هاوکێشەکە جیاوازە
ئەو سزایەی بەسەر ڤینیسیۆسدا سەپێنرا، دوای یارییەکەی ڤیاڕیال کە بەهۆیەوە بۆ چوار یاری سڕکرا، هێندەی دیکە شوێنپێی ڤینی لە پێکهاتەی سەرەکیی ریالدا لەرزۆک کرد. سیستم گرتنی تیپەکە بەبێئەو و بەدەستهێنانی بردنەوەی یەک لە دوای یەک، بەتایبەت لە کلاسیکۆدا، هەروەها درەوشانەوەی یان دیۆماندێ، هێندەی دیکە گوشارەکانیان بۆسەر ئەو یاریزانە زیاتر کردووە.
جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەر، ئەگەرچی تاوەکو ئێستا لەبەردەم رۆژنامەڤاناندا دووپاتیدەکاتەوە کە متمانەی بەو یاریزانە هەیە و چاوەڕێی گەڕانەوەی دەکات، بەڵام ئەوەشی گوتووە کە مەرج نییە هاتنەوەی ڤینی بۆ تیپەکە، نیشانەی ئەوەبێت کە ئەو دەبێتەوە بەیاریزانی سەرەکیی تیپەکە.
مۆرینیۆ لەبەردەم ئاڵنگارییەکی نوێدا دەبێت لەپاش گەڕانەوەی جۆنیۆر، ئایا ئەو سیستمی دەقگرتووی چەند یاریی رابردووی تیپەکە تێکنادات؟ ئایا دەتوانێت خەمەکانی تێپەڕێنێت و ببێتەوە بە یاریزانە کاریگەرەکەی جاران. ئایا دەتوانێت شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکەدا، بەدەست بهێنێتەوە؟




