رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دووپاتیکردەوە پێویستی بە سێ ساڵ کارکردن لەگەڵ یانەکەی ئێستای هەیە، بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی کامڵبوون.
جۆزێ لە یۆنانە لەگەڵ ریال مەدرید، بۆ یاریی چوارەمیان لە قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ کە تێیدا رووبەڕووی، ئایک ئەسینای یۆنای دەبنەوە. ئەو لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی بەرلە یارییەکە، باسی کۆمەڵێک خاڵی گرنگی پەیوەست بەتیپەکەی کرد، دەڵێ لە کوێ پێویستم بە ڤاڵڤێردی هەبێت، ناچارم یاریی پێ بکەم، ئەو ئامادەیە بۆ قوربانیدان.
لەبارەی کاپتنی تیپەکەوە، سپێشەڵ وەن دەڵێ، لە ئاستی فیدی لە بەرگریکاری باڵی راست رازیم، بەڵام زۆریشم پێویست پێیەتی لە ناوەڕاستدا، بۆیە پێموایە بەپێی پێویستی تیپەکە، ئەو ئامادەیە قوربانی بدات و یاریی بکات.
مۆ دەڵێ، "ڤاڵڤێردی زۆر گرنگە، کاپتنە و بەچاوێکی دیکەوە سەیری شتەکان دەکات. کاتێک کاپتنیت، دەبێ بۆ هەموو قوربانیدانێک و بەرپرسیارێتییەک ئامادەبیت، لەو شوێنە یاریی بکەیت کە تیپەکەت و هاوتیپەکانت پێویستیان پێتە، بەبڕوای من، ئەوەی ئەو شتانە بکات، کاپتنی راستەقینەیە، لەبەرئەوە بڕوام بەوە هەیە کە فیدی لە شوێنی یاریکردنی ئێستای خۆی، کێشەی نییە و ئامادەیە".
مۆرینیۆ هەڵوەستەی لەسەر دۆخی ڤینیسیۆس جۆنیۆریش کردووە، کە بەهۆی راگرتنی بۆ چوار یاریی لە لالیگا، تەنیا لە چامپیۆنزلیگ دەتوانێت یاریی بکات. ئەو ئەمشەو دەتوانێت بەرامبەر ئایک ئەسینا بەشداری بکات.
مۆرینیۆ دەڵێ، لەو شوێنەی یارییکردندا، یاریزانی بەکوالیتیی زۆر باشمان هەیە و ئەوەش بەلای منەوە خاڵێکی دڵخۆشکەرە. ئێندریک و براهیم دیازیش دەتوانن لەهەمان شوێندا یاریی بکەن، بەڵام ڤینیسیۆس لە هەمووان بەکوالیتیتر و لێهاتووترە لەو شوێنەدا.
مۆرینیۆ رەتیکردووەتەوە یارییەکەی ئەمشەو بە ئاسان ناوببات، ئەو دەڵێ، ئاڵۆز و پڕ گرێوگۆڵ دەبێت، رکابەرەکەمان بەهێزە و پاڵنەری بردنەوە لە ریال مەدریدی هەیە.
مۆ ئەوەی بیرهێناوەتەوە کە "هەموو کات یۆنان بۆ ریال مەدرید قورس بووە، پاشای ئەورووپا لە کۆی 8 سەرداندا، تەنیا یەک بردنەوەی لەنێو خاکی یۆنان هەیە".
مۆرینیۆ ئەوەش دووپاتدەکاتەوە، "هەر رکابەرێکمان درێسە سپییەکەی ریال مەدرید لە یاریگادا ببینێت، پاڵنەری بۆ دروست دەبێت، هەربۆیە یارییەکە زۆر گرنگە و دەبێ لە لووتکەی سەرنج و وریایی خۆماندا بین، بۆ ئەوەی بیبەینەوە".
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، مۆرینیۆ دەڵێ، لەگەڵ من، ریال مەدرید پێویستی بە سێ ساڵ هەیە، بۆ ئەوەی بگاتە کامڵبوون، لە کاتێکدا ئێمە تەنیا چوار مانگە پێکەوە کاردەکەین.




