رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)، سێ گۆڕانکاریی نوێ لە یاسا پەیڕەوکراوەکانی تۆپی پێدا دەکات، کە ئامانج لێیان خێراترکردنی ریتمی یاری و گەشەپێدانی توانای یاریزانە لاوەکانە.
فیدراسیۆنە نێودەوڵەتییەکە، لە مۆندیالی خوار 15 ساڵان کە ئێستا لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت، ئەو سێ گۆڕانکارییە نوێیە تاقیدەکاتەوە.
لە یەکەم وەشانی پاڵەوانێتییەکەدا، کۆی 189 هەڵبژاردەی شەش کیشوەری جیاواز بەشدارییان کرد و 932 یاری ئەنجامدران. کۆی 4505 گۆڵ تۆمارکران بەڕێژەی 4،83 گۆڵ لە هەر یارییەکدا.
ئەو سێ گۆڕانکارییەی لە پاڵەوانێتییەکەدا تاقیکرانەوە، بریتی بوون لە رێگادان بە گۆڕانکاریی بێسنووری یاریزانان، ئەوەش لەپێناو هەلدان بەزۆرترین ژمارەی یاریزانان، بۆ بەشداریکردن لە یارییەکاندا، لەگەڵ هاوکاریکردنی راهێنەران بۆ دابەشکردنی توانای جەستەیی یاریزانان.
هەروەها لێدانی لا، لە دەستەوە گۆڕا بۆ قاچ، ئەمەش لەپێناو خێراترکردنی بەردەوامبوونی یاری و زیادکردنی هەلی یاریزانان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تۆپ.
گۆڕانکاریی سێیەم، بریتی بوو لە گۆڕینی یاسای ئۆفساید، لەو گۆڕانکارییەدا، ناوچەی ئەژمارکردنی ئۆفساید لە کۆی نیوە یاریگای تیپی بەرامبەرەوە، کەمکرایەوە بۆ ناوچەیەک کە تەنیا 14 مەتر لە گۆڵی تیپی بەرامبەرەوە دوورە.
ئارسن ڤینگەر، بەڕێوەبەری بەشی گەشەپێدانی تۆپی پێ لە فیفا رایگەیاند، پاڵەوانێتییەکە هەلی ئامانجی رەخساندنی باشترین هەل بوو بۆ یاریزانە لاوەکان، بۆ ئەوەی یاریی رکابەرییانە ئەنجام بدەن و ئەزموونی رووبەڕووبوونەوەی تیپی بەرامبەر تاقی بکەنەوە.
ئەو زیاتر روونیکردووەتەوە، هەروەها ئامانجی ئەوەبوو کە بەهرەمەندانی سەرانسەری جیهان، هەلی یەکسانی گەشەکردنیان هەبێت. دووپاتیکردووەتەوە، توانراوە بەهرەمەندی نوێ بدۆزرێنەوە و ژینگەی گونجاویان بۆ گەشەکردن پێبدرێت.
گۆڕانکارییەکانی فیفا لە یاسا پەیڕەوکراوەکانی تۆپی پێ، مەرج نییە دواتر ببنە یاسای پەیڕەوکراو لەسەرجەم یارییەکانی تۆپی پێدا، بەڵکو ئەو گۆڕانکارییانە، تاقیکردنەوەی زیاتریان لەسەر ئەنجامدەدرێت.




