رووداو دیجیتاڵ
شەوی لیۆنێل مێسی لە کۆتایی وەرزی خولی ئەمریکی، شەوێکی تەواو سەرکەوتوو نەبوو؛ چونکە ئینتەرمەیامی لە یارییەکەی لەسەر یاریگای خۆیدا نەیتوانی بباتەوە و سێ بە سێ لەگەڵ چارلۆت یەکسان بوو، سەرەڕای ئەوەی سەرەتا بە سێ گۆڵ لەپێش بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بە دەستکەوتێکی مێژوویی نوێ یارییەکەی کۆتایی پێهێنا؛ ریکۆردێکی تۆمارکرد کە پێشتر هیچ یاریزانێک لە مێژووی ئەم خولەدا پێی نەگەیشتووە.
سەرەڕای ئەوەی لە بەرامبەر چارلۆت گۆڵی نەکرد، مێسی وەرزی 2026ـی بە 26 گۆڵ کۆتایی پێهێنا و لە پێشەنگی گۆڵکاراندا مایەوە، بەمەش بۆ دووەمین ساڵی لەسەریەک، خەڵاتی لاپچینی زێڕینی خولی ئەمریکی بەدەستهێنا؛ دوای ئەوەی لە وەرزی رابردوودا 29 گۆڵی تۆمارکردبوو.
بەم دەستکەوتە، ئەم یاریزانە 39 ساڵە بوو بە یەکەم یاریزان لە مێژووی خولی ئەمریکی کە دوو وەرزی لەسەریەک خەڵاتی لاپچینی زێڕین بەدەست دەهێنێت. هەروەها بوو بە شەشەمین یاریزان کە زیاتر لە جارێک ئەم خەڵاتە بەدەست دەهێنێت.
سەرکەوتنی مێسی لە بواری گۆڵکردندا تەنیا پشت بە گۆڵەکانی لە لێدانی سزا نەبەستبوو؛ چونکە 25 گۆڵی لە یارییکردنی ئاساییدا تۆمارکردووە و تەنیا یەک گۆڵی بە لێدانی سزا بووە.
بەمەش دووەمین باشترین ژمارەی گۆڵی بەبێ لێدانی سزا لە یەک وەرزی مێژووی خولەکەدا تۆمارکردووە، دوای ریکۆردی خۆی کە 29 گۆڵ لە وەرزی 2025ـدا تۆمارکرد.
هەروەها مێسی وەرزەکەی بە 17 ئەسیست کۆتایی پێهێنا، بەمەش کۆی بەشدارییەکانی لە گۆڵەکان گەیشتە 43 کە لەم بوارەشدا لە پێشەنگدایە.
بەمشێوەیە، مێسی بوو بە یەکەم یاریزان لە مێژووی خولی ئەمریکی کە لە دوو وەرزی لەسەریەکدا لانیکەم 40 بەشداریی گۆڵی هەبێت.




