رووداو دیجیتاڵ
جولیانۆ سیمیۆنی، یاریزانی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، هەموو کات لەو سەرکەوتنانەدا ئامادەیە، کە تیپەکە بەسەر بارسێلۆنادا بەدەستیان دەهێنێت لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان.
جولیانۆ بووەتە ئەو یاریزانە یەکلاکەرەوەیەی کە لە یارییە سەرنجڕاکێشەکانی نێوان هەردوو یانەدا، باوکی ناتوانێت دەستی لێهەڵبگرێت.
پێشبینیکراوە جولیانۆ، جارێکی دیکە لە یاریی ئەمشەوی نێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا، سەرەکی بێت، چونکە ئەو لاباڵە هێرشبەرە، بەشداریی گەورەی لە لایەنی هێرشبەری و بەرگریکاریی تیپەکەیدا هەیە بەدرێژایی کاتی یارییە، ئەوەش وایکردووە ئەو یەکێک بێت لە هۆکارە سەرەکییەکانی سێ دوایین بردنەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە بارسێلۆنا، لە بەرامبەر 6 شکست و یەک یەکسانبووندا.
یەکەمین بەشدارییەکانی جولیانۆ لە بەرامبەر بارسا، بۆ مانگی دوانزەی ساڵی 2024 دەگەڕێتەوە، کاتێک گۆڵی بۆ ئەلیکساندەر سۆرلۆسی هێرشبەری یانەکە لە دوایین خولەکەکاندا دروستکرد و بەوەش 2 - 1 بردنەوەی بەخشییە تیپەکەی، هەروەها یەکەم بردنەوەی بەباوکی بەخشی، لە رووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ بارسا.
لەسەرەتای ئەمساڵدا، جولیانۆ یاریزانێکی کاریگەربوو، کاتێک تیپەکە بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەسەر بارسا لە چارەکی کۆتایی جامی شا بەدەستهێنا.
ئەو بونیادنەری ئەو هێرشە هەڵگەڕاوەیەبوو کە تۆپەکەی گەیاندە کوکی و ئەویش لای خۆیەوە دای بە ئانتوان گریزمان، ئەو یاریزانە گۆڵی دووەمی یانەکەی تۆمارکرد، دوای ئەوە جولیانۆ بەدەرچوونێک، تۆپی گەیاندە خولیان ئەلڤارێز، کە گۆڵێکی بۆ ئادیمۆلا لوکمان دروستکرد.
لە یاریی خولدا، کە ئاتلێتیکۆ مەدرید بە 1 - 2 گۆڵ دۆڕا، جولیان گۆڵی پێشکەوتنی تیپەکەی تۆمارکرد، بەڵام لە کۆتاییدا بارسا یارییەکەی بردەوە، لە رێگای گۆڵێکی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکییەوە.
لە یاریی چوونی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو، جولیانۆ بووە هۆکاری دەرکردنی پاو کوبارسی بەکارتی سوور، دوای ئەوەش جولیان ئەلڤارێز گۆڵی یەکەمی ئاتلێتیکۆی لە لێدانێکی راستەوخۆوە تۆمارکرد.
مێژووی دەرکەوتنی سیمیۆنی کوڕ لە یارییەکانی نێوان هەردوو یانەدا، مێژوویەکی درەوشاوەیە، بەڵام درەوشانەوەی ئەمشەوی ئەو یاریزانە، لەوانەیە لە هەموو کاتێکی دیکە پێویستتر بێت، لەبەرئەوەی بەبردنەوە، ئاتلێتیکۆ پێشەنگی ریزبەندی خولەکە، لە بارسێلۆنا وەردەگرێت.




