رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید، سەرتۆپی لیستی ئەو یانانەی ئیسپانیای گرتووە کە زۆرترین جار فاوڵیان لە دژ کراوە لە وەرزی ئەمساڵدا، لە کاتێکدا جیاوازییەکی زۆر لە فاوڵ گرتن لە یاریزانانی ئەو یانەیە، بەراورد بە رکابەرەکانی هەیە.
رۆژنامەی 'ئەی ئێس' ئاشکرایکردووە، لە 14 یاریی وەرزی ئەمساڵی یانەکەدا لە لالیگا، کۆی 171 جار یاریزانانی ریال مەدرید، لێدراون یان فاوڵیان لێگیراوە.
رێژەی فاوڵەکان لەسەر یاریزانانی ئەو یانەیە، 14 فاوڵە لە هەر یارییەکدا.
یاریی نێوان ریال مەدرید و ڤالێنسیا، کە شەممەی رابردوو لە یاریگای 'مێستایا' بەڕێوەچوو، بەرزترین رێژەی فاوڵگرتن لە یاریزانانی یانەکەی بەخۆوە بینی، کاتێک گەیشتە 26 فاوڵ لە دژی یاریزانانی ریال، بە رێژەی فاوڵێک لە هەر سێ خولەک و نیو جارێکی یارییەکەدا.
راسینگ سانتاندێر، دووەم تیپە کە زۆرترین فاوڵی لێدەگیرێت، پاشئەوەی ئەو تیپە لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵەوە، کۆی 161 فاوڵی لێگیراوە، لە بەرامبەردا یانەی سێڤییا لە پلەی سێیەمە بە کۆی 155 فاوڵ.
جیاوازییەکە لە نێوان ریال مەدرید و رکابەرەکانی زۆر فراوانە. یاریزانانی ئاتلێتیکۆ مەدرید کۆی 113 فاوڵیان لێگیراوە و لە پلەی هەژدەی ریزبەندییەکەیە، لە کاتێکدا بارسا لە پلەی پێشکۆتاییە و یاریزانەکانی 108 فاوڵیان لێگیراوە.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، لەسەرئاستی یاریزانان، جود بێلینگهامی ناوەڕاستکاری ریال مەدرید، زۆرترین فاوڵی لە دژ کراوە، بەدرێژایی وەرزی ئەمساڵی لالیگا.
بێلینگهام لەسەرەتای وەرزەوە تاوەکو ئێستا، 31 فاوڵی لە دژ کراوە، بەجیاوازیی پێنج فاوڵ لە نزیکترین رکابەرەکانی کە پابلۆ ئیبانێزی یاریزانی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێسە کە 26 فاوڵی لە دژ کراوە. هاوکات یاریزانانی ریال مەدرید، لە پێشەوەی لیستی ئەو یاریزانانەن، کە زۆرترین فاوڵیان لەسەر کراوە.
لیستەکە، چوار یاریزانی ریال مەدریدی تێدایە کە زۆرترین فاوڵیان لەسەر ئەنجامدەدرێت، بەرامبەر بە تەنیا یەک یاریزانی بارسێلۆنا کە لامین یامالە، لە کاتێکدا لیستەکە هیچ یاریزانێکی ئاتلێتیکۆ مەدریدی تێدا نییە.
لیستی ئەو یاریزانانەی لە وەرزی ئەمساڵی لالیگادا، زۆرترین فاوڵیان لەسەرکراوە..
جود بێلینگهام (ریال مەدرید) کۆی 31 فاوڵ.
پابلۆ ئیبانێز (دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس) 26 فاوڵ.
گۆنزالۆ ڤیار (ئێلچی) 25 فاوڵ.
رامۆن تیراتێس (خیتافی) 26 فاوڵ.
ڤینیسیۆس و کیلیان ئێمباپێ (ریال مەدرید) خیران ڤالێرا (ئێلچی)، مارتین ساتریانۆ (خیتافی)، هەریەکەیان 23 فاوڵ.
ئینیگۆ پیسێنتی (راسینگ سانتاندرێر) 22 فاوڵ.
ئاردا گولەر (ریال مەدرید) 21 فاوڵ.
سێرجیۆ کانالێس (راسینگ سانتاندێر)، رافایێل هیێرۆ (مەلەگا)، 19 فاوڵ.
گابریێل سوازۆ (سێڤییا)، تۆنی مارتینێز و لوکاس بۆیی (دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس)، لامین یامال (بارسێلۆنا)، یاکۆمۆ کوالیاتا (دیپۆرتیڤح لاکۆرۆنیا) 18 فاوڵ.
بەچاوپۆشین لە تووندوتیژییەکانی نێو لالیگا و ژمارەی فاوڵەکان، یانەی بارسێلۆنا ئێستا پێشەنگی خولەکەی گرتووە بەجیاوازیی سێ خاڵ لەگەڵ نزیکترین رکابەرەکانی کە ریال مەدریدە، لە کاتێکدا ئاتلێتیکۆ مەدرید، بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە دابەزیووە.




