رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە فەرمی هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە ئەنجامدانی دانوستاندن لەگەڵ حوسام حەسەنی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی میسر دەکەن بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی عێراق لە شوێنی گراهام ئارنۆڵد.
محەممەد خەلەف، بەڕێوەبەری راگەیاندنی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە لێدوانێکی فەرمیدا کۆتایی بە دەنگۆکان هێنا و گوتی "ئێستا هیچ دانوستاندن یان بابەتێکی فەرمی لە ئارادا نییە، باسکردنی ناوی حوسام حەسەن تەنیا لە دەزگاکانی راگەیاندندا بڵاودەکرێتەوە و هیچ هەنگاوێکی فەرمی بوونی نییە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی یەکێتییەکە ئاماژەی بەوە کرد گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری ئوسترالی گرێبەستێکی فەرمیی تاوەکو مانگی 2ـی ساڵی 2027 لەگەڵ فیدراسیۆن هەیە، دوای ئەوەی لە مانگی هەشتی رابردوودا بەهۆی سەرکەوتنی لە گەیاندنی عێراق بۆ مۆندیالی 2026 دوای 40 ساڵ گرێبەستەکەی درێژکرایەوە، گوتیشی "ئارنۆڵد لە پاڵەوانێتیی دۆستانەی بەسرە لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەردەوام دەبێت، دوای کۆتاییهاتنی پاڵەوانێتییەکەش، یەکێتیی تۆپی پێ کۆبوونەوەیەکی هەڵسەنگاندن بۆ تاوتوێکردنی دیدگەی هونەری بۆ قۆناخی داهاتوو ئەنجام دەدات".
بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیانە هاوکات بوو لەگەڵ بڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی میسر بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی حوسام حەسەن و دەستنیشانکردنی عەلی ماهێر وەک راهێنەری نوێ. لە هەمان کاتدا هەڵبژاردەی عێراق ئامادەکاری بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی بەسرە دەکات، کە لە 13 تاوەکو 17ـی مانگی 11 لەسەر یاریگای نێودەوڵەتیی بەسرە بە بەشداریی هەڵبژاردەکانی ئێران، فەلەستین و لوبنان بەڕێوەدەچێت.




