رووداو دیجیتاڵ
لە دیاردەیەکی پڕ لە نائارامیی کارگێڕی و هونەریدا، لە ماوەی 13 گەڕی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، 13 راهێنەر لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە یان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە 13 گەڕی سەرەتای ئەم وەرزەدا، کورسیی راهێنەرایەتی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە و گوشاری هاندەران و پەلەکردنی کارگێڕیی یانەکان لە بەدەستهێنانی ئەنجام، بووەتە هۆی گۆڕانکاریی بەردەوامی راهێنەران.
لە دیارترین ئەو راهێنەرانەی لەم وەرزەدا یانەکانیان جێهێشتووە یان دوورخراونەتەوە: تەلال بەلووشی و لۆران بانید لە زاخۆ، یەحیا گوڵمحەممەدی لە دهۆک، باسم قاسم لە زاورا، سامی تەرابولسی لە شورتە، و فەتحی جەبالی لە جەوییە.
ئەم شەپۆلە سەرجەم ناوچەکانی گرتووەتەوە؛ لە باشوور حوسێن عەبدولواحید لە مینا، حەیدەر عوبەید لە نەفتی میسان و یامەن زولفانی لە غەڕاف، لە کاتێکدا حەسەن ئەحمەد لە کارەبا، ئەیمەن حەکیم لە کەرخ، هەیسەم شەبوول لە موسڵ و موئمن سلێمان لە کەرەمە بە هەمان چارەنووس گەیشتن.
شارەزایانی تۆپی پێی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن کە نەبوونی پشوودرێژی لەلایەن دەستەی کارگێڕیی یانەکان و هەڵسەنگاندنی ئاستی راهێنەران تەنیا لەسەر بنەمای ئەنجامی یەک یان دوو یاری، زیانێکی گەورەی بە کوالێتیی هونەری و بەردەوامیی یاریزانان لەنێو یاریگادا گەیاندووە و وایکردووە خولی ئەستێرەکان لە رووی سەقامگیریی دەستەی راهێنەرانەوە لە نزمترین ئاستدا بێت.




