رووداو دیجیتاڵ
ئێرلینگ هالاندی ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی، بێدەنگی بەرامبەر ئەو تۆمەتانە شکاند، کە رووبەڕووی یانەکەی بوونەتەوە، بە پێشێلکردنی یاسا داراییەکانی پرێمەرلیگ و گوتی، لە کاتێکدا لیژنە یاساییەکان لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکەن، بۆچی من قسەی لەسەر بکەم؟
هالاند بەشداری لە سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەی بەسەر هەڵبژاردەی وێڵز لە قۆناخی یەکەمی نەیشنسلیگ کرد، دووپاتیکردەوە، هەموو سەرنجی لەسەر پێشاندانی باشترین ئاستە لەگەڵ یانەکەی و هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.
مانچێستەر سیتی بە 114 پێشێلکاری بەرامبەر یاسا داراییەکانی پرێمەرلیگ تۆمەتبارکراوە، ئەگەرچی یانەکە تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە، بەڵام میدیای ئینگلتەرا، چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی و سزادانی تووندی یانەکە دەکەن. هەندێک لە سەرچاوەکان پێشبینی دابەزاندنی یانەکە لە پرێمەرلیگ دەکەن.
هالاند ناوی دەیان تیپی جیاوازی هێناوە کە لە کاروانی یارییکردنیدا یاریی بۆ کردوون، دەڵێ، "قورسە بۆ من وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، لەبەرئەوەی پەیوەندی بە ململانێیەکی یاساییەوە هەیە، ئەوە بابەتێکە لە نێوان دەستەی پرێمەرلیگ و یانەی مانچێستەر سیتی، لیژنەیەکی تایبەتیش لێی ورد دەبێتەوە، کەواتە پێویستە من وەڵام بدەمەوە؟ نازانم".
هێرشبەرە نەرویجییەکە هەروەها دەڵێ، زۆر هاوڕێم هەیە لە نەرویج کە پێشتر لە مانچێستەر سیتی یارییانکردووە، لەو ماوەیەدا کە یانەکەی بەپێشێلکردنی یاساکان تۆمەتبارکراوە، لەوانەیە ئەوان باشتر بتوانن وەڵام بدەنەوە.
هالاند هەروەها دەڵێ، "وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە قورسە، چونکە من زۆری لەبارەوە نازانم، پێموایە لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکاندا، هەموو وەڵامەکان دەردەکەون، بەڵام نازانم کەی، من زۆر لەبارەی ئەو دۆسێیەوە ناخوێنمەوە".
لەبارەی ئەگەری رۆیشتنی لە یانەکە، ئەگەر سزا بدرێت، ئەو هێرشبەرە دەڵێ، "راشکاوانە بڵێم هەموو بیرکردنەوەی من لەسەر یارییە لەگەڵ یانەکەم، ئەو یانەیەی کە گرێبەستم لەگەڵی کرد بۆ ماوەی پێنج ساڵ تاوەکو 2022 و دواتریش بڕیارمدا لەگەڵی بەردەوام بم تاوەکو نۆ ساڵی دیکە، پێموایە ئەو هەموو شت لەبارەی پرسیارەکانەوە رووندەکاتەوە، من یاریزانی مانچێستەر سیتیم و خۆشحاڵم بەوەی لەو یانەیەم".
هالاند زیاتر لەبارەی داهاتووی خۆیەوە دەڵێ، "دەزانم رۆژنامەنووسەکان هەوڵدەدەن مانشێتێکی رۆژنامەوانی لە قسەکانی منەوە دەستبخەن، بەڵام من گرێبەستێکی درێژخایەنەم لەگەڵ یانەکەم هەیە، پێموایە بڕیارێکی دروستمدا، کاتێک وتم دەچمە مانچێستەر سیتی".
زیاتر دەڵێ، "خۆم ئەوە ناڵێم، بەڵام تەماشای ئەو نازناوانە بکەن کە لەگەڵ یانەکە بەدەستمهێناوە، هەروەها ئەو گەشەیەی لە نێو یاریگا و دەرەوەی یاریگا کردوومە".
لەبارەی ئەنجامەکانی ماوەی رابردووی یانەکەشیەوە، ئەو دەڵێ، "شتەکان ئەم ماوەیە بەباشی بەڕێوەناچن، بەڵام ئێمە لە یاریی بەرامبەر فولهام، هەوڵی گۆڕینی ئەو دۆخە دەدەین".
ئێرلینگ هالاند لە دوایین یاریی ئەمجارەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە نەیشنسلیگ، رووبەڕووی دانیمارک دەبێتەوە.



