رووداو دیجیتاڵ
کینان یەڵدز، یاریزانی تورکیی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، دیارییەکی تایبەتی لە ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لیۆنێل مێسییەوە پێگەیشت؛ ئەمەش لە ماوەی دوورکەوتنەوەی لە یاریگاکان بەهۆی پێکانەوە، روویدا.
لیۆ مێسی لاپچینێکی تایبەتی خۆی بۆ یاریزانە گەنجە تورکەکە نارد، کە بەتایبەتی بۆ ئەو دروست کرابوو و لە دوا یارییەکەیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەپێی کردبوو.
یەڵدز لە ڤیدیۆیەکدا کاتێک دیارییەکەی مێسی وەردەگرێت، باسی سەرسوڕمانی خۆی کرد و گوتی "ئەگەر کەسێکی زۆر هەستیار بوومایە، ئێستا دەگریام".
پەیوەندیی نێوان لیۆنێل مێسی و کینان یەڵدز تەنیا لەم دیارییەدا کورت نابێتەوە؛ چونکە پێشتر ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە یاریزانە تورکییەکەی لەناو لیستێکدا هەڵبژاردبوو کە 10 یاریزانی گەنجی لە سەرانسەری جیهان لەخۆ دەگرت، بۆ ئەوەی لە ساڵی 2025 پێڵاوی Adidas F50 Stellar Triumph لەپێ بکەن.
کینان یەڵدز، یاریزانی یوڤێنتوس، لە یارییەکەی بەرامبەر پارما لە گەڕی یەکەمی ئەم وەرزەدا تووشی شکانی ئێسکی پێی چەپی بوو.
یاریزانە نێودەوڵەتییە تورکییەکە لە کۆتایی مانگی ئابی ئەم ساڵەدا لە شاری ئۆگسبۆرگی ئەڵمانیا، لەژێر چاودێری مارتن جۆردانی پزیشک، نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجام درا.
یەڵدز بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگە لە یاریگا دوورکەوتەوەوە و دوای نەشتەرگەریش بەرنامەی چاکبوونەوەی جەستەیی خۆی لە شاری ریگنسبۆرگ بەردەوامی پێدا.
بەپێی پلانی یوڤێنتوس، یاریزانە گەنجەکە دەستی کردووە بە زیادکردنی قورسایی راهێنانە مەیدانییەکانی، لەگەڵ ئامانجی گەڕانەوەی بۆ راهێنانی بەکۆمەڵ لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو.
لیۆنێل مێسی لە 31ـی ئابی 2026 بەفەرمی وازهێنانی خۆی لە یارییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی راگەیاند، دوای گەشتێکی 21 ساڵە لەگەڵ هەڵبژاردەی تانگۆ.
مێسی گەشتی نێودەوڵەتیی خۆی بە ئامارێکی مێژوویی کۆتایی پێهێنا، دوای ئەنجامدانی 208 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، تۆمارکردنی 126 گۆڵ و پێشکەشکردنی 70 ئەسیست؛ بووە خاوەنی زۆرترین بەشداریی یاری، گۆڵ و ئەسیسیت لە مێژووی هەڵبژاردەکەدا.



