رووداو دیجیتاڵ
یانەی شەقڵاوە، کە لە وەرزی نوێدا بەشداری لە خولی نایابی تۆپی پێی کوردستاندا دەکات، سەرەڕای نزیکبوونەوەی دەستپێکی خولەکە، ئێستا بێ راهێنەرە و بە رووداو سپۆرتسی گوت "ئێمە هێشتا بێ راهێنەرین".
یانەی شەقڵاوە، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو بەسەرپەرشتی رەفیق سەعیدی راهێنەر توانی پلەی یەکەمی خولی یانە پلەیەکەکانی کوردستان بەدەستبێنێت و بگاتە خولی نایابی کوردستان، ئەو راهێنەرە دەستیلەکارکێشایەوە و پۆستی راهێنەری یانەی سۆرانی وەرگرت، بۆیە ئێستا بەبێ راهێنەرن.
سەرچاوەیەک لە یانەی شەقڵاوە لەو بارەیەوە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "تاوەکو ئێستا بێ راهێنەرین و بەدوای راهێنەریکی نوێدا دەگەڕێین". ئەمە لەکاتێکدایە کە تەنیا مانگ و نیوێک ماوە بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان.
یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند کە 3رۆژی 30ـی12ـی2026، وادەی دەستپێکی خولی نایابی کوردستان دەبێت و ئەمساڵ خولەکە بە بەشداری 16 یانە بەڕێوەدەچێت.
ئەو سەرچاوەیە لە کارگێڕیی یانەی شەقڵاوە زیاتر بە رووداو سپۆرتسی گوت "هێشتا بێ راهێنەرین، بەڵام بەئەگەری زۆرەوە یەکێک لە راهێنەرەکانی پێشووی یانەکەمان دەهێنینەوە. تاوەکو ئێستا لەگەڵ کەس گفتوگۆمان نەکردووە، بەڵام ناوی سروود غازی، راهێنەری پێشوو و مستەفا بابازادەمان هێناوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی مەشقی یانەکە بگرنە دەست".
لەسەر ژمارەی یاریزانەکانی یانەکە، ئەو سەرچاوەیە گوتی "10 یاریزانمان هەیە و ئەوانەن کە لە وەرزی رابردووەوە لەگەڵمان ماون، و ئەو یاریزانانەی کە ئێرانی بوون، ئەوانیش گرێبەستیان ماوە و دەمێننەوە".
وەرزی رابردوو، یانەی شەقڵاوە بەسەرکردایەتی رەفیق سەعید، پلەی یەکەمی خولی پلە یەکەکانی کوردستانی بەدەستهێنا و هاوشانی بابان، سێمێل و دهۆک سەرکەوتن بۆ خولی نایابی کوردستان.



