رووداو دیجیتاڵ
دۆلۆرێس ئاڤیێرۆ، دایکی ئەفسانەی تۆپی پێی پۆرتوگالی، کریستیانو رۆناڵدۆ، لە پۆرتوگال مشتومڕێکی گەورەی ناوەتەوە دوای ئەوەی بە قسەیەکی سەرسوڕهێنەر خۆشحاڵی خۆی بە دۆڕانی هەڵبژاردەی وڵآتەکەی بەرامبەر دانیمارک دەربڕی.
ئەم بۆچوونەی دایکی رۆناڵدۆ لەلایەن میدیای پۆرتوگالییەوە بەشێوەیەکی تووند رەخنەی لێ گیرا، چونکە بەپێی بۆچوونیان، بەرژەوەندییە کەسییەکان نابێت بخەینە سەرووی بەرژەوەندیی هەڵبژاردەی نیشتمانی.
رەخنەکان تەنیا لە کاتی دەربڕینی ئەم قسانە نەبوون، بەڵکو ناوەڕۆکی قسەکانی دۆلۆرێس ئاڤیێرۆش بووە هۆی زیادبوونی ناکۆکییەکان؛ ئەو یاریزانانی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی بە خیانەتکردن لە کوڕەکەی و پێنەدانی ئەو رێز و نرخەی شایانیەتی تۆمەتبارکرد.
بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی فەرەنسی فوت میرکاتۆ بڵاوی کردووەتەوە، ئەم قسانە دوای دۆڕانی قورسی پۆرتوگال بەئەنجامی 4-1 بەرامبەر دانیمارک هاتن؛ یارییەک کە رۆناڵدۆ ئامادەی نەبوو، بەڵام لە خولەکی حەوتەمی یارییەکەدا رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ رێزلێنانی ئەنجام درا.
دۆڕانی پۆرتوگال و تووڕەیی دایکی رۆناڵدۆ
کۆتاییهێنان بە گەشتی نێودەوڵەتیی کریستیانو رۆناڵدۆ هێشتا بابەتێکی گەرمە لە ناوەندە وەرزشییەکانی پۆرتوگال، بەتایبەتی لەڕووی رۆڵ و شوێنی ئەو لە ناو هەڵبژاردەکەدا.
لە یاریی دۆڕانی پۆرتوگال بەرامبەر دانیمارک بەئەنجامی 4-1، لە خولەکی حەوتەمی یارییەکەدا رێوڕەسمێک بۆ رێزلێنان لە رۆناڵدۆ ئەنجام درا، بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی ئەو خزمەتانەی ساڵانێکی زۆر بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی پێشکەشی کردووە، بەڵام ئەم دەستپێشخەرییە بە دڵی کەسوکاری یاریزانەکە نەبوو، بەتایبەتی دایکی، دۆلۆرێس ئاڤیێرۆ، کە ناڕەزایی خۆی دەربڕی لەوەی رێوڕەسمەکە بە ئامادەنەبوونی کوڕەکەی ئەنجام دراوە.
ئەو پێیوایە شێوازی ئەنجامدانی ئەم رێزلێنانە گونجاو نەبوو لەگەڵ بەها و مێژووی وەرزشیی رۆناڵدۆ، بەڵام دۆلۆرێس تەنیا بە دەربڕینی ناڕەزاییەکەی نەوەستا، بەڵکو قسەیەکی تووندتری کرد و رایگەیاند کە بە دۆڕانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال خۆشحاڵە.
ئەو گوتی "من بە دۆڕانی پۆرتوگال خۆشحاڵم. کوڕەکەم خیانەتی لێ کراوە و فریویان داوە. هاوڕێکانی لە تیپەکە رێزی لێ ناگرن و ئەو نرخ و رێزەیان پێشان نەداوە کە شایانیەتی. ئەو رێزلێنانەشی کە بەبێ ئامادەبوونی ئەو ئەنجام درا، گونجاو نەبوو".
ئەم قسانەش بوونە هۆی تووڕەیی و کاردانەوەی بەرفراوان، بەتایبەتی لە کاتێکدا هەڵبژاردەی پۆرتوگال هەوڵ دەدات قۆناخێکی نوێ دەست پێ بکات و دوای ساڵانێک لەژێر سێبەری ئەستێرە مێژووییەکەی، پەڕەیەکی نوێ بکاتەوە.
میدیای پۆرتوگال هێرش دەکاتە سەر دۆلۆرێس ئاڤیێرۆ
بەخێرایی قسەکانی دایکی رۆناڵدۆ بوونە بابەتی سەرەکی بەرنامە و رۆژنامە وەرزشییەکانی پۆرتوگال لە بەیانی رۆژی سێشەممەدا.
پاولو کونیا، رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی ئابۆلای پۆرتوگالی، یەکێک بوو لەو کەسانەی رەخنەی تووندی لە هەڵوێستی دۆلۆرێس گرت و جەختی کردەوە کە ئەو هەڵەی کردووە کاتێک خۆشحاڵی خۆی بە دۆڕانی هەڵبژاردەی نیشتمانی دەربڕیوە.
ئەو گوتی "خاتوو ئاڤێیرۆ هەڵەی کرد کاتێک رەزامەندی و خۆشحاڵی خۆی بە دۆڕانی پۆرتوگال دەربڕی".
هەندێک لە دەنگە میدیاییەکانیش پێیانوایە ئەم هەڵوێستە قبوڵکراو نییە، چونکە ناکۆکییە کەسییەکان و گازندەکانی پەیوەست بە کۆتایی هاتنی گەشتی نێودەوڵەتیی رۆناڵدۆ نابێت پێش بەرژەوەندیی هەڵبژاردەی نیشتمانی بخرێن؛ هەڵبژاردەیەک کە نوێنەرایەتیی هەموو وڵاتەکە دەکات، نەک تەنیا یاریزانێک.
هەروەها رەخنەکان ئاراستەی ئەو تۆمەتانەی دایکی رۆناڵدۆ کران کە دژی هاوڕێکانی پێشووی کوڕەکەی دەربڕیبووی، چونکە ئەو بە ئاشکرا گومانی لە رێز و نرخدانی ئەوان بۆ رۆناڵدۆ کردبوو.
لە بەرنامەی ئۆن ریکۆردیشدا، یەکێک لە رۆژنامەنووسان ئاماژەی بە شێوازی مامەڵەکردنی ژۆرژێ ژێسوس لەگەڵ ئەم دۆخە کرد و پێیوابوو بڕیاری راهێنەرە پۆرتوگالییەکە بۆ نەچوونە ناو ناکۆکییەکی راستەوخۆ لەگەڵ دایکی رۆناڵدۆ، بڕیارێکی ژیرانە بوو بۆ رێگریکردن لە گەورەبوونی قەیرانەکە.
لەکاتێکدا هەندێک کەس پێیانوایە قسەکانی دۆلۆرێس تەنیا دەربڕینی تووڕەیی دایکێکە کە هەست دەکات کوڕەکەی ئەو ماڵئاواییەی شایانیەتی وەری نەگرتووە، بەڵام بەشێکی دیکەی میدیای پۆرتوگال پێیانوایە ئەم هەستە نابێت ببێتە پاساو بۆ خۆشحاڵبوون بە دۆڕانی هەڵبژاردەی نیشتمانی.
بەم شێوەیە، ئەو رێزلێنانەی کە بۆ رۆناڵدۆ بەبێ ئامادەبوونی ئەو ئەنجام درا، لەجیاتی ئەوەی ببێتە بۆنەیەک بۆ رێزلێنان لە مێژووی وەرزشییەکەی، گۆڕا بۆ قەیرانێکی نوێ کە دایکی رۆناڵدۆی خستە بەر رەخنە و هێرشی میدیای پۆرتوگالی.



