رووداو دیجیتاڵ
کوردێک بەفەرمی وەکو جێگری سەرۆکی یەکێتیی تایکواندۆی سوێد هەڵبژێردرا و دەڵێت "خەونی من خزمەتکردنە بە کوردستان".
ئەحمەد تاڵەبانی، تەمەنی 49 ساڵە و خەڵکی کەرکووکە، بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، وەکو جێگری سەرۆکی یەکێتیی تایکواندۆی سوێد هەڵبژێردراوە و ئامانجی ئەوەیە خزمەتی یارییەکە بکات لەسەر ئاستی سوێد و کوردستان.
تاڵەبانی بە رووداو سپۆرتسی گوت "دوای 11 ساڵ کارکردن وەکو راهێنەری سوێد، لە یاریی تایکواندۆ و ئەزموونێکی زۆر لە یارییەکەدا، وەکو جێگری سەرۆکی یەکێتیی تایکواندۆی سوێد هەڵبژێردراوە."
ئەحمەد تاڵەبانی لە تەمەنی 9 ساڵییەوە دەستی بە یاریی تایکواندۆ کردووە، لەسەر ئاستی سوێد بەشداریی لە چەندین پاڵەوانێتیی جیاوازدا کردووە و پشتێنی 8 دانی رەشی لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا بەدەستهێناوە.
جێگری سەرۆکی یەکێتیی تایکواندۆی سوێد بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، کاردەکات بۆ ئەوەی ئەزموونەکەی لە یاریی تایکواندۆدا بگوازێتەوە نەوەکانی داهاتوو و لە رێگایەوە کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی یاریزانانی تایکواندۆ لەسەر ئاستی سوێد بکات.



