رووداو دیجیتاڵ
کیڤن دیبرۆین بڕیاریداوە لەماوەی گواستنەوەی زستانەی ئەمساڵدا، یانەی ناپۆلی و ئیتاڵیاش بەجێبهێڵیت، بەڵام یانەکەی یەکەم دەستەوارەی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو ناوەڕاستکارە، رەتکردووەتەوە.
یانەی ناپۆلی، دەستەوارەیەکی سەرەتایی یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی رەتکردووەتەوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کیڤن دیبرۆینی ناوەڕاستکاری تیپەکە. یانە هۆڵەندییەکە 2 ملیۆن یۆرۆی بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ناوەڕاستکارە بەلجیکییەکە لەماوەی گواستنەوەی زستانەدا، خستووەتە روو، بەڵام یانە ئیتاڵییەکە رەتیکردووەتەوە.
دەستەوارە سەرەتاییەکە، یەکەم دەستەوارەی فەرمیی ئایندهۆڤنە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ دیبرۆین، کە گومان هەیە لەوەی لەگەڵ ناپۆلی بەردەوام بێت، ئەوەش بەهۆی پاشەکشەی ئاستی ئەو یاریزانە لە یاریگاکانی ئیتاڵیا، بەراورد بەوەی هەمان یاریزان، لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی پێشکەشی دەکات.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان دەڵێن، داواکارییە خێزانییەکان، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ویستی دیبرۆین بۆ رۆیشتن لە ئیتاڵیا، ئەوەش بەهۆی داواکاریی بەردەوامی هاوژینی ئەو یاریزانەوە، لە گەڕانەوە بۆ ژیانکردن لە شوێنیکی نزیکی لە نیشتمانی خۆیان، کە بەلجیکایە.
میشیل لاکراو، هاوژینی دیبرۆین لە لێدوانی بۆ میدیای بەلجیکا ئاشکرایکردبوو، خێزانەکە بیر لە چوونە ناوچەی لیمبۆرگ دەکاتەوە، کە دەکەوێتە نزیک سنووری نێوان بەلجیکا و هۆڵەندا.
ئەو پێشهاتانە، ئەگەری رۆیشتنی ناوەڕاستکارەکەی پێشووی مانچێستەر سیتی لە یانە ئیتاڵییەکە زیاتر دەکەن، بەرلەوەی گرێبەستی ئەو لەگەڵ یانەکەی، لە هاوینی داهاتوو کۆتایی بێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان پێیانوایە ئەمە دوایین وەرزی دیبرۆین دەبێت لەگەڵ یانەکە، ئەگەر لە گواستنەوەی زستانەشدا نەڕوات، هاوینی دواتر هەر لە یانەکە دەڕوات.
میدیای ئیتاڵیا دەڵێن، ناپۆلی چاوی لەوەیە لە دەستهەڵگرتن لەو یاریزانە، نزیکەی 10 ملیۆن یۆرۆی دەستبکەوێت، ئەویش بە گەڕانەوەی بەشێک لە مووچەی یاریزانەکە کە 5 ملیۆن یۆرۆیە تاوەکو کۆتایی وەرز، لەگەڵ 2.5 ملیۆن یۆرۆ پارەی ماوەی پاداشتی گرێبەستکردن لەگەڵ یانەکە.
وەک ئەو سەرچاوانە دەڵێن، ئەگەر ئایندهۆڤن کەمێک لە دەستەوارەکەی خۆی بەرز بکاتەوە، بەئاسانی دەتوانێت خزمەتەکانی ئەو یاریزانە لانیکەم بۆ ساڵ و نیوی داهاتوو بەدەست بهێنێت.




