رووداو دیجیتاڵ
لەدوای تەواوبوونی یاریی نێوان هەولێر و دهۆک، گرژی دروستبوو و بەهۆیەوە چەند هاندەرێک بریندار بوون.
ئەمڕۆ هەینی 20ی تشرینی دووەمی 2026، سیڤەر بێستوون، پەیامنێری دێسکی وەرزشی رووداو رایگەیاند: "دوای تەوابوونی یاری نێوان هەردوو یانەی هەولێر و دهۆک لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، کە لە یاریگەی دهۆک بەڕێوەچوو، گرژی لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانە دروستبوو و لە ئەنجامدا چەند هاندەرێک برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران."
سەبارەت بە هۆکاری گرژییەکە، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەکرد: "دوای ئەوەی یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتایی هات، بەشێک لە هاندەرانی یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەوە بەرد و دەبەیان هەڵدایە نێو یاریگە، ئەمەیش گرژی لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانە دروست کرد."
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، "هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی ئاسایشی نێو یاریگاکە بە زووی هەوڵیاندا گرژییەکە کۆنترۆڵ بکەن و هاندەرانی هەردوو یانە بپارێزن. بە گوێرەی زانیاریە سەرەتاییەکان، چەند هاندەرێکی هەردوو یانە بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری دهۆک کراون."
یاری نێوان یانەی هەولێر و دهۆک بە کلاسیکۆی کوردستان ناسراوە و چەند جارێک لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکان دا گرژی لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانە دروستبووە.




