رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی دراماتیکی و لەبەردەم زیاتر لە 13 هەزار هاندەردا، یانەی نەورۆز لە دواساتەکاندا ریمۆنتادای بەسەر یانەی گەرمەی پێشەنگدا تۆمارکرد و بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا.
لەسەر یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی، یارییەکە بە هەڵمەتێکی خێرای یانەی گەرمە دەستیپێکرد، کاتێک ئەحمەد مەکەنزی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد، بەڵام نەورۆز زوو کۆنتڕۆڵی یاریگای گرتە دەست و لە خولەکی 14 حەبیب ئوسلاتی ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگا یەکسانکردەوە. سەرەڕای گوشارە بەردەوامەکانی نەورۆز لە رێگەی عیماد لواتی، نێتۆ ناکارا و محەممەد رەزاوە، نیوەی یەکەم بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.
لە سەرەتای گێمی دووەمدا، ئەحمەد مەکەنزی جارێکی دیکە تۆڕی گۆڵی نەورۆزی هەژاند و گۆڵی دووەمی خۆی و گەرمەی تۆمارکرد. لە بەرامبەردا، وەلی کەریمی راهێنەری نەورۆز چەند گۆڕانکارییەکی یەکلاکەرەوەی ئەنجامدا بە هێنانە نێو یاریگای هەریەک لە سیمۆن و مەروان حوسێن، کە بوونە فریادڕەسی یانەکەی شاری سلێمانی؛ سەرەتا لە خولەکی 89 سیمۆن مسوڤا گۆڵی بەرامبەربوونی تۆمارکرد، پاشان لە خولەکی 3+90 مەروان حوسێن گۆڵی سێیەم و ریمۆنتادای تۆمارکرد
بەم ئەنجامە دوای هاتنەوەی عەدنان حەمەد بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یەکەم دەرکەوتنیدا دوای 18 ساڵ یەکەم تووشی یەکەم شکست هات.
نەورۆز بەم بردنەوەیە ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 29 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی دێت و جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ گەرمە کرد بە یەک خاڵ.




