رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بە لەدەستدانی لێدانێکی سزا بەرامبەر سێلتاڤیگۆ، ئامارێکی نەرێنی تۆمارکرد، کە لەوەتەی هاتووەتە خولی ئیسپانی کەس وەک ئەو خراپ نەبووە لە جێبەجێکردنی لێدانەکانی سزا لەو خولەدا.
ئالێکسیس، شارەزای ئامارە وەرزشییەکانی خولی ئیسپانیا، کە بە ناوی 'میستەر شیپ' ناسراوە، ئاشکرای کردووە کە ئەمجارە یەکەم جارە کیلیان ئێمباپێ لە بەشدارییەکانی لە خولی ئیسپانیا، لێدانی سزا بۆ دەرەوەی چوارچێوەی گۆڵەکە دەبات.
ئەو زیادیکردووە کە هێرشبەرە فەرەنسییەکە لە وەرزی 2024-2025ـەوە تاوەکو ئێستا، لە خولی ئیسپانیا پێنج لێدانی سزای لەدەست داوە، لەکۆی 23 لێدانی سزا، کە لەو ماوەیەدا جێبەجێیکردوون. بەمەش بووەتە خاوەنی ریکۆردی لەدەستدانی زۆرترین لێدانی سزا لە لالیگا لەو ماوەیەدا.
ئێمباپێ لەم رووەوە لەپێش ڤیدات مۆرێکی، هێرشبەری ریال مایۆرکا دێت، کە ئەو سێ لێدانی سزای لە کۆی 10 لێدان لەدەستداوە. هەروەها لەپێش رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پێشووی بارسێلۆناش دێت، کە سێ لێدانی سزا لە کۆی 7 لێدان لەدەستداوە.
میستەر شیپ ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوا یاریزانی ریال مەدرید پێش ئێمباپێ کە لە خولی ئیسپانیا لێدانی سزای بۆ دەرەوەی گۆڵەکەی لێدابێت، هێرشبەری پێشووی فەرەنسی، کەریم بنزیما بووە، لە یارییەکەی بەرامبەر ئێلچی، کە رۆژی 23ـی کانوونی دووەمی 2022 ئەنجامدرا و بەئەنجامی 2-2 کۆتایی هات.
ئێمباپێ پێشتر و لە یەکەم وەرزی بەشداریی لەگەڵ ریال مەدریددا، رەخنەی زۆری لەبارەی لەدەستدانی لێدانەکانی سزا رووبەڕوو بووەتەوە؛ ئەوەش دوای ئەوەی لە یارییەکەی بەرامبەر لیڤەرپوول لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لێدانی سزایەکی لەدەستدا، پاشان لە ماوەیەکی کەمدا لە یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو لە خولی ئیسپانیاش سزایەکی دیکەی لەدەستدا.
هەروەها لە ئەیلوولی 2026 جارێکی دیکە مشتومڕ لەبارەی توانای ئێمباپێ لە لێدانی سزا سەری هەڵدایەوە، کاتێک لە یارییەکەی بەرامبەر ریال بێتیس هەوڵێکی لەدەستدا، دوای ئەوەی ئەلڤارۆ ڤایسی گۆڵپارێزەکە، لێدانەکەی گرتەوە. ئەو یارییەش بە دۆڕانی ریال مەدرید بە یەک گۆڵ بەبێ وەڵام کۆتاییهات.
لەو کاتەدا رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئێمباپێ لە کۆی 24 لێدانی سزا لەگەڵ ریال مەدرید لە هەموو پێشبڕکێیەکاندا، پێنجی لەدەستداوە، بەڕێژەی سەرنەکەوتنی 20.08٪، بەبێ لەبەرچاوگرتنی لێدانەکانی یەکلاکەرەوە.




