رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی 'سپۆرت' ئاشکرایکردووە، لە کۆی 15 سەرکەوتن کە یانەی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵ، لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەدەستیهێناوە، 6 یارییان لە دوای خولەکی 85ەوە یەکلایی کراونەتەوە.
ئەگەرچی ریمۆنتادا و هەڵگێڕانەوەی ئەنجامەکان لە دوایین ساتەکاندا، بەیەکێک لە کاریگەرترین چەکەکانی ریال مەدرید دادەنرێت و لە دی ئێن ئەی یانەکەدا هەیە، بەڵام ئەوە هەموو کات جۆرێک لە ترسی لای هاندەرانی یانەکە دروستکردووە، ئەوان دەپرسن: ئەگەر ریمۆنتادامان نەکر چی؟
داتا و سەرژمێرییەکان، ژمارەی سەیر و سەرنجڕاکێش لەسەر شێوازی یارییکردنی ریال مەدرید ئاشکرا دەکەن، لەوکاتەوەی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی، مەشقدانی یانەکەی لە ئەستۆ گرتووەتەوە.
دیارترین نموونەی ئەو ریمۆنتادایانەی ریال مەدرید ئەمساڵ بەسەر رکابەرەکانیدا تۆماریکردوون، دوایین یاریی یانەکە بوو بەرامبەر سێلتاڤیگۆ لە لالیگا، کە تیپەکە دواکەوتنی بە ئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر، بۆ بردنەوە بە 2 - 1 گۆڵ گۆڕی.
ژمارەکان هەر ئەوەندە نین، بەڵکو ئەو راستییەش دووپاتدەکەنەوە، کە مۆرینیۆ بە گۆڕانکارییەکانی، ئەنجامەکان یەکلایی دەکاتەوە.
لە کورسیی یەدەگەوە بۆ ریمۆنتادا
بەپێی ئەوەی رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، لە چوار یاریی یانەکەدا، یاریزانانی یەدەگ، گۆڵی بردنەوەی یانەکەیان تۆمارکردووە، لە کاتێکدا دوایین دوو ئەسیست لە دوو یاریی رابردوودا، یاریزانە یەدەگەکان دروستیانکردووە.
لە یاریی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ، جۆزێ مۆرینیۆ هەموو چەکە هێرشبەرییەکانی خستە ناو یاریگاوە. لە خولەکی 79دا کاتێک ئەنجامەکە یەکسانبوو، کاماڤینگای بردە دەرەوە و هەریەکە لە ئێمباپێ، ڤینیسیۆس، ئێندریک و کارلۆس ئێسپی لە یاریگادا مانەوە.
دوایین یاریزان کە هاتە نێو یاریگاوە، ئەو ئەرکەکەی یەکلایی کردەوە. دوای شەش خولەک لە هاتنە ناوەوەی، ئێسپی لێدانێکی سەری ئاراستەی گۆڵی سێلتا کرد و رادۆی گۆڵپارێز گەڕاندییەوە، بەڵام ئێسپی بەدواداچوونی بۆ کرد و گۆڵی بردنەوەی یانەکەی تۆمارکرد.
کەم یاریزان هەیە، هەست بەپێویستی و داواکارییەکانی ئەو چەند خولەکەی کۆتایی یارییەکە بکات. ئەو هێرشبەرەی پێشووی لیڤانتی، لە کۆی 63 خولەکە یارییکردن بۆ ریال مەدرید، 4 گۆڵی تۆمارکردووە. بەڕێژەی هەر گۆڵێک لە 15 خولەک و 45 چرکە یارییکردن.
تاوەکو شەممەی پێشوو، ریال مەدرید ئەو کۆتاییە وروژێنەرانەی لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا تۆماردەکرد. بەڵام پاش کۆتایی هاتنی فیفا دەی ئەمجارە، پەنابردنە بەر چارەسەرە خێراکان، گواسترایەوە بۆ نێو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، پاشئەوەی زۆرینەی زۆری یارییەکانی، لە دەرەوەی یاریگای خۆی یەکلایی دەکردەوە.
ژمارە سەرنجڕاکێشەکان
ئەو پێنج یارییەی ریال مەدرید، لە دەرەوەی یاریگای خۆی، بە ریمۆنتادا سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێناون، بەرامبەر هەریەکە لە ئیسپانیۆل، ئێلچی، رۆما، بارسێلۆنا و ئایک ئەسینا بوون.
تیپەکەی جۆزێ مۆرینیۆ، لە 15 یاری، لە کۆی 17 یاریی لە وەرزی ئەمساڵی سەرجەم پاڵەوانێتییەکان، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. 11 یاریی لە لالیگا و 4 یاری لە چامپیۆنزلیگ. لە کۆی ئەو سەرکەوتنانە، تیپەکە رێژەی 40 لەسەدی سەرکەوتنەکانی، گۆڵی بردنەوەی لە دوای خولەکی 85 بەدواوە تۆمارکردووە.
ئێسپی لە یەکەم دەرکەوتنیدا بەدرێسی یانەکەوە، یەکەم گۆڵی تۆمارکرد. لە یاریگای کۆرنیا ئێل برات، لە خولەکی 90دا تۆپێکی گەڕاوە لە بەرگری ئیسپانیۆلی قۆستەوە.
لە یارییەکەی ئێلچیدا، هەمان هێرشبەر، ئەرکی رزگارکردنی ریال مەدریدی لە ئەستۆ گرت، کاتێک وێڕای پێشکەوتنی ریال لە گێمی یەکەمدا بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر، دواتر دوو گۆڵی لێکرا و لە خولەکی 91دا، ئێمباپێ پاسێکی دایە ئێسپی و ئەو گۆڵی سێیەم و بردنەوەی تۆمارکرد.
لەگەڵ گۆڵەکەی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ، ئێسپی ژمارەی گۆڵەکانی بۆ سێ گۆڵ بەرزکردەوە، هەرسێ گۆڵەکەشی گۆڕینی یەکسانبوون بوو بۆ سەرکەوتن. لە کۆی 33 خاڵی ئەمساڵی یانەکە تاوەکو ئێستا، ئەو هێرشبەرە 6 خاڵی بەدەستهێناوە.
گولەریش رزگارکەرە
لە یاریی یانەکە بەرامبەر رۆما لە چامپیۆنزلیگ، مۆرینیۆ لەسەر کورسی یەدەگ، ئاردا گولەری لە تەنیشت خۆیەوە دانابوو.
پاش دواکەوتنی یانەکە بە 1 - 3 گۆڵ، گولەر تۆپێکی ناردە سەر سەری ئێندریک و ئێسپی بەدواداچوونی بۆ تۆپە گەڕاوەکە کرد و بەوەش گۆڵی دووەمی تیپەکەی تۆمارکرد.
هەروەها ئەو پاسەی کە رۆدیگێر گۆڕی بۆ گۆڵی چوارەم و پێشکەوتنی ریال مەدرید لە خولەکی 90دا، لە قاچی ئاردا گولەرەوە هات.
هەرسێ کۆڕنەرەکە، بەواژۆی هەمان یاریزان بوون. ئەگەرچی یوفا تەنیا دوو ئەسیستی بۆ ئاردا ئەژمارکرد، بەڵام یاریزانێکی یەدەگ، ریالی لە شکست پاراست.
بۆ زانین لە هەمان یاریدا، جیا لە گولەر، ئێندریک و ئێسپی، بەهەمان شێوە یەدەگ بوون.
هەر 15 خولەک و گۆڵێک
لە کامپ نو، تەنیا گۆڕانکاری ئەنجامەکەی یەکلایی نەکردەوە، بەڵکو بەرپەرچدانەوەی گۆڵپارێزیش. لونین لێدانێکی سەری جیرارد مارتنی گەڕاندەوە کە دەکرا پێشکەوتن لە ئەنجامی یارییەکەدا ببەخشێتە بارسا.
مۆرینیۆ لە خولەکی 80دا گۆڕانکارییەکی کرد، بەبردنەوە ناوەوەی کاماڤینگا و بردنە دەرەوەی بێرناردۆ سیلڤا. دوای تەنیا 7 خولەک، ئەو یاریزانە بەسەر کوبارسیدا سەرکەوت و تۆپێکی خستە بەردەم قاچی ئێمباپێ و ئەو گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد.
لە ئەسینای پایتەختی یۆنان، ئەو یاریزانەی مۆرینیۆ لەسەر کورسیی یەدەگ هێشتبوویەوە، فیدریکۆ ڤاڵڤێردی بوو، ئەو لە خولەکی 67دا چووە نێو یاریگاوە و یارییەکەی بەلێدانێکی بەهێزی قاچی راستی لە دەرەوەی ناوچەی سزا و لە خولەکی 92دا یەکلاییکردەوە.
لە نێو ئەو شەش یارییەدا کە لە دوا ساتەکاندا یەکلایی بوونەوە، ئێسپی لە سێ یاریدا یەکلاکەرەوە بوو، ڤاڵڤێردی لە یارییەکدا و لە دوو یارییەکەی دیکەشدا، گولەر و کاماڤینگا، خاوەنی ئەسیستی یەکلاکەرەوە بوون.
تەماشای کاتژمێرەکە بکە
ئەوانەی هاندەری ریال مەدریدن، ناچارن لە وەرزی ئەمساڵدا و لە بەشێک لە یارییەکاندا، بەبەردەوامی تەماشای کاتژمێرەکانیان بکەن، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی تیپەکەیان دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
دوو شەوی دیکەی تیپەکە، هاندەرەکانی ناچارکرد بۆ بەردەوام تەماشاکردنەوەی کاتژمێرەکانیان، یەکێکیان لە یارییەکەی بەرامبەر ڤیاڕیال، کە دیۆماندێ تاکە گۆڵی تیپەکەی لە خولەکی 62دا تۆمارکرد و دواتر دەرکردنی ڤینیسیۆس جۆنیۆر بەکارتی سوور، تیپەکەی ناچارکرد تاوەکو کۆتایی، هەوڵی هێشتنەوەی ئەنجامەکە وەکخۆی بدات.
لە بەرامبەر ئینتەردا، ریال مەدرید بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە پێش بوو لە خولەکی 23، بەڵام کارلۆس ئۆگستۆ، گۆڵی یەکەمی ئینتەری لە خولەکی 76دا تۆمارکرد، بەوەش یارییەکە تاوەکو کۆتایی بەکراوەیی مایەوە.
لە کۆی 15بردنەوە، هەشت بردنەوەیان بە جیاوازیی تەنیا یەک گۆڵ بەدەستهاتوون.
9 گۆڵ لەلایەن یەدەگەکانەوە
یەدەگەکانی تیپەکە لە کۆی 46 گۆڵی یانەکە لە وەرزی ئەمساڵدا، 9 گۆڵیان تۆمارکردووە، واتە نزیکەی یەک لە پێنجی گۆڵەکان.
پێنج گۆڵ لە خولی ئیسپانیا تۆمارکراون، لەگەڵ سێ گۆڵەکەی ئێسپی، ئەمە جیا لە گۆڵی گولەر بەرامبەر مەلەگە، کە کۆتایی بە چوار گۆڵەکەی یانەکە هێنا. لەگەڵ گۆڵێکی رۆدیگێر لە شکستەکەی دێربیدا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید.
لە چامپیۆنزلیگ، یەدەگەکان 4 گۆڵیان لە 4 گەڕدا تۆمارکردووە. ئێسپی و ئێندریک بەرامبەر رۆما، یان دیۆماندێ بەرامبەر لایپزیگ و ڤاڵڤێردی بەرامبەر ئایک ئەسینا.
لە لالیگا، ریال مەدرید لە کۆی گۆڵە تۆمارکراوەکانی لە رێگای یاریزانانی یەدەگەوە، لە پێش هەمووانە، تەنیا ئالاڤێس و سێڤییا نەبێت کە هەریەکێکیان 6 گۆڵیان لە رێگای یاریزانە یەدەگەکانەوە تۆمارکردووە.
ریال، هاوتای بارسا و ڤیاڕیالە و هەر یەکێکیان خاوەنی پێنج گۆڵە لە رێگای یەدەگەکانەوە.
لەسەرئاستی پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا، پاریس سانجێرمان و لایپزیگ سەرتۆپی لیستەکەن بە 9 گۆڵ بۆ هەر یەکێکیان.
لە چامپیۆنزلیگ، تەنیا کۆمۆ پێش یەدەگەکانی ریال مەدرید کەوتووە لە گۆڵکردندا، یەدەگەکانی ئەو یانە ئیتاڵییە 5 گۆڵیان تۆمارکردووە.
هەرچی بارسا، ئارسیناڵ و لیڤەرپوولە، هەریەکەیان دوو گۆڵیان لە رێگای یەدەگەکانەوە تۆمارکردووە.
بەڵام ئەگەر گۆڵ و ئەسیستەکان پێکەوە کۆبکرێنەوە، مۆرینیۆ پێشەنگی هەمووانە و یاریزانە یەدەگەکانی کە یارییەکانیان یەکلایی کردووەتەوە، چوار گۆڵ و پێنج ئەسیستیان لە چوار یاریی ئەورووپیدا تۆمارکردووە.




