رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید پێنجەم یاریی لە رکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا ئەنجامدەدات و دەیەوێت زیاتر لە سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ نزیکببێتەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ، کاژێر 23:00 یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی دەکات.
ریال مەدرید لە سەرجەم یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و تەنیا ئەوان و پاریس سانجێرمان هەموو یارییەکانیان بردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە یانەکە لە ڤالدێبێباس دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و تیپەکە چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە.
لە یارییەکەی ئەمشەودا لە ریزەکانی یانەی شاهانە، ئێندریک، راول ئاسێنسیۆ و فێرلان مێندی بەهۆی پێکانەوە بەردەست نابن.
ریال مەدرید لەم وەرزەدا لەگەڵ ئەوەی هەموو یارییەکانی بردووەتەوە، 13 گۆڵی لە چوار یاریی رابردوودا تۆمارکرد، بە تێکڕای 3.25 گۆڵ بۆ هەر یارییەک.
یانەی شاهانە لە دوایین 5 یارییدا لە یاریگای خۆی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و 15 گۆڵی لەو پێنج یارییەدا تۆمارکردووە.
کیلیان ئێمباپێ 7 یارییە لەسەریەک گۆڵ بۆ ریال مەدرید تۆمار دەکات و لەو 7 یارییەدا توانیویەتی 9 گۆڵ بکات، ئەمشەویش لە پێکهاتەی سەرەکی دەبێت و دەیەوێت ژمارەی گۆڵەکانی لە چامپیۆنزلیگدا بەرزبکاتەوە، لەکاتێکدا 4 گۆڵی لە چوار یاریی ئەم وەرزەدا تۆمارکردووە.
ریال مەدرید یەکەمجارە لە دوای وەرزی 1988-1989 بەرامبەر ئایندهۆڤن یاریی دەکات، پێشتر 8 یارییان کردووە، یانەی شاهانە سێ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە یارییەکەدا دۆڕاوە و 4 جار یەکسانبوون.
یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی، بۆ یارییەکی مێژوویی و شەوێکی تایبەت دەچێتە مەدرید و ئەمشەو میوانی ریال مەدریدە، یانەکە بەدوای هەژەندێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێتەوە.
ئایندهۆڤن لەم وەرزەدا لە چوار یاریی چامپیۆنزلیگدا تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە، ئەو بردنەوەشیان بەرامبەر پۆرتۆ بووە لە دەرەوەی یاریگای خۆی.
یانە هۆڵەندییەکە نایەوێت هەر زوو لە رکابەریکردن بۆ گەیشتن بە قۆناخی پلەی ئۆف بێهیوا ببێت، بۆیە چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە، سەرەڕای ئەوەی ئەرکیان قورسە.
لە ریزەکانی ئەو یانەیە پێنج یاریزان بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن.
ئایندهۆڤن لە دوایین دوو یارییدا لەسەر ئاستی ناوخۆ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و 9 گۆڵی لەو دوو یارییەدا کردووە، لە دوایین 7 یارییدا بەشێوەیەکی گشتی توانیویەتی گۆڵ بکات، بۆیە دەیەوێت بەو ورە بەرزەوە بچێتە مەدرید بۆ رکابەریکردنی ریال مەدرید.




