رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا داوا لە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید دەکات لەو لێدوانانەی دەربارەی دۆسێیەی 'نێگرێرا' داویەتی پاشگەز ببێتەوە؛ چونکە هەردوو لایەنەکە سبەی چوارشەممە، 25ـی نۆڤەمبەری 2026 لەبەردەم دادگا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، کۆدەبنەوە.
ئەم دانیشتنەی دادگا بۆ ئاشتەوایی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکەیە، پێش ئەوەی بارسێلۆنا پەنای بۆ دادگای تاوانکاری ببات.
بەپێی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، بڕیارە نوێنەرانی بارسێلۆنا و فلۆرێنتینۆ پێرێز، یان ئەو پارێزەرانەی سەرۆکی ریال مەدرید هەڵیان دەبژێرێت، کاژێر 9:40ـی بەیانی لە هۆڵەکانی دادگای 1 و 2 لە دادگاکانی مەدرید ئامادەبن.
ئەم دانیشتنە بەهۆی لێدوانەکانی سەرۆکی یانە شاهانەکە سەبارەت بە دۆسێیەی نێگرێرا بەڕێوەدەچێت؛ لێدوانگەلێک کە بەڕێوەبەرایەتی بارسێلۆنای تووڕە کردووە و وای لێکردووە سکاڵا لەسەر ئەو قسانە تۆمار بکات.
سەرچاوەی ئەم ناکۆکییە دەگەڕێتەوە بۆ کۆنفرانسی رۆژنامەوانییەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز لە 12ـی مانگی 5ـی رابردوو، هەروەها هەڤپەیڤینە تەلەڤزیۆنییەکەی لەگەڵ کەناڵی 'لا سێکستا' لە رۆژی دواتردا.
پێرێز لەو کۆنفرانسەدا دۆسێیەی نێگرێرای بە 'گەورەترین گەندەڵی لە مێژووی تۆپی پێ' ناوبرد و بارسێلۆنای بە گەندەڵی و بەرتیلدان بە هاوبژیوانان و سوودوەرگرتن لە بڕیارەکانی ناوبژیوانی تۆمەتبار کرد. هەروەها گومانی خستە سەر هەندێک لە ناونیشانەکانی خولی ئیسپانیا کە یانە کەتەلۆنییەکە بەدەستیهێناون.
پێرێز گوتی "ئەمە دۆسێیەکی گەندەڵییە، کە لە مێژووی تۆپی پێی جیهاندا هاوشێوەی نییە'.
هەروەها گوتی "بارسێلۆنا هەمیشە سوودمەند بووە، بەڵام یانەکانی دیکە زیانیان پێگەیشتووە".
سەرۆکی ریال مەدرید بەردەوام بوو و گوتی "قبووڵ ناکرێت گرنگترین وەرزش لەژێر گومانی گەندەڵییەکدا بێت کە بۆ ماوەی 20 ساڵ پارەی بۆ دابین کراوە".
پێرێز هەروەها گوتی "من 7 جار نازناوی چامپیۆنزلیگ و7 جار نازناوی لالیگام بەدەستهێناوە. دەمتوانی 14 جار پاڵەوانی لالیگا ببم، بەڵام ئەو نازناوانەی دیکە لێم دزراون".
لە هەڤپەیڤینە تەلەڤزیۆنییەکەدا، فلۆرێنتینۆ پێرێز هێرشەکانی خۆی بۆ سەر سیستمی ناوبژیوانی و دۆسێیەی نێگرێرا نوێ کردەوە و باسی 'گەندەڵییەکی سیستماتیک'ـی کرد.
ئەو جەختی کردەوە "هەمان ناوبژیوانەکان بەشێوەیەکی ئاشکرا هەمان رەفتارەکانی پێشوو دووبارە دەکەنەوە". هەروەها گوتی "ئەم وەرزە 16 یان 18 خاڵمان لێ دزراوە".
پێرێز لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "من نەهاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی هەندێک ناوبژیوان بە پارەی بارسێلۆنا دەوڵەمەند ببن".
لە بەرامبەر ئەم لێدوانانەدا، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا، لەگەڵ بەشی یاسایی یانەکە، لە 12ـی حوزەیرانی رابردوو داوای بەڕێوەبردنی دانیشتنێکی ئاشتەواییان کرد، بۆ ئەوەی پێشەکی بێت بۆ ئەگەری تۆمارکردنی سکاڵای تاوانکاری بەتۆمەتی بوختان و تۆمەتبارکردنی بێ بنەما.
ئامانجی بارسێلۆنا لەم هەنگاوە ئەوەیە فلۆرێنتینۆ پێرێز ناچاربکات لە لێدوانەکانی پاشگەز ببێتەوە؛ ئەو لێدوانانەی یانە کەتەلۆنییەکە بە هەڵە و زیانگەیاندن بە وێنە و ناوبانگی خۆی دەزانێت.
دانیشتنەکە هەلێکە بۆ هەردوو لایەن تاوەکو پێش گواستنەوەی ناکۆکییەکە بۆ قۆناخی دادگای تاوانکاری، بگەنە رێککەوتنێک، بەڵام ئەگەر پێرێز پاشگەزبوونەوەیەکی قبووڵکراو لە لێدوانەکانی نەکات، بارسێلۆنا ئاگاداری داوە کە سکاڵایەکی تاوانکاری دژی سەرۆکی ریال مەدرید تۆمار دەکات.




